زیاتر لە 250 هەزار دەرچوو لە عێراق دامەزراون

12-06-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە ماوەی چوار ساڵدا زیاتر لە 250 هەزار دەرچووی هەڵگری بڕوانامەی باڵا و یەکەمەکان و دەرچوانی پزیشکی و تەندروستی دامەزراون. ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا جەخت لەوەدەکاتەوە، بەشێکیان دەرچووی زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستانن.
 
ئەنجوومەنی راژەی گشتیی فیدراڵی عێراق، لە چوارچێوەی ئەو دەسەڵاتانەی پێی سپێردراوە بەپێی یاسای ژمارە (4)ی ساڵی 2009، پشتڕاستی لە دامەزراندنی (259,610) کەسی لە هەڵگرانی بڕوانامە باڵاکان و یەکەمەکان کردووەتەوە، ئەمەش بەپێی یاسای ژمارە (59) و (67)ی ساڵی 2017 و یاسای ژمارە (6)ی ساڵی 2000ی هەموارکراوی تایبەت بە پیشە پزیشکی و تەندروستییەکان.
 
ئەحمەد دووبەردانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، رۆژی پێنجشەممە، 12ی حوزەیرانی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەشێک لەو تازە دامەزراوانە، دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکان هەرێمی کوردستانن، بەڵام خەڵکی ناوچەکانی مادەی 140ن.
 
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ئاماژەی بەوەکرد، ئامارێکی دروستیان لەبەردەست نییە، کە چەند دەرچوونی ناوچەکانی مادەی 140 دامەزراون، بەڵام بەشێکی بەرچاویان سوودمەندبوون و دامەزراون، ئێستا دەستبەکاربوون و بەشێکی کەمی دیکەیان ماون هێشتا رێکارەکانیان تەواونەبووە، بە کۆمەڵ ناوەکانیان دەگەڕێتەوە. 
 
مەحموود مورتەزا قەزوینی، سەرۆکی ئەنجوومەنی خزمەتگوزاریی گشتیی فیدراڵی، دوێنێ چوارشەممە لە راگەیێندراوێکدا جەختی کردەوە "ئەنجوومەنەکە پشتڕاستی لە دامەزراندنی (188,987) کەسی کردووەتەوە بە یاسای پیشە تەندروستی و پزیشکییەکان. لە 2021 دامەزراندنی (64,350) کەس، لە 2022 دامەزراندنی (40,578) کەس، لە 2023 دامەزراندنی (49,002) کەس و لە ساڵی 2024 دامەزراندنی (38,439) کەس پشتڕاستکراوەتەوە."
 
قەزوینی گوتیشی: "ئەنجوومەن پشتڕاستی دامەزراندنی (67,236) کەس کردووەتەوە، کە بە یاساکانی ژمارە (59 و 67) دامەزراون، ئەوانیش هەڵگرانی بڕوانامە باڵاکان و دەرچووە یەکەمەکانن، کە تێیدا ژمارەی دامەزراوانی وەجبەی یەکەم گەیشتە (23,932) کەس، لە کاتێکدا ژمارەی ئەوانەی لە وەجبەی دووەمدا دامەزراون گەیشتە (43,304) کەس."
 
ناوبراو جەختیشی کردەوە "ئەنجوومەن تەواوکردنی پێداویستییەکانی دامەزراندنی وەجبەی سێیەمی هەڵگرانی بڕوانامە باڵاکان و یەکەمەکانی خستووەتە کارە لەپێشینەکانی بۆ ساڵی 2025، کە ژمارەیان (8,579) کەسە و پەیوەندی بە هەموو لایەنە فەرمییەکانەوە دەکات بە مەبەستی تەواوکردنی کارەکان بە خێراترین کات."
 
لە یاسای بودجەی گشتیی سێ ساڵەی عێراق (2023 و 2024 و 2025) دا، 150 هەزار دامەزراندن بە گرێبەست تەرخانکراوە و بەسەر پارێزگاکان دابەشکراون. 
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە