رووداو دیجیتاڵ
تاوەکو ئێستا فراکسیۆنە کوردستانییەکان هەڵوێستێکی یەکگرتوویان نییە و بڕیاری کۆتاییان لەبارەی پێکەوە بەشداریکردن یان بایکۆتکردنی دانیشتنەکەی ئەمڕۆ شەممەی پەرلەمانی عێراق نەداوە. بەشێک لە فراکسیۆنەکان بەشداری دەکەن، بەشێکیش چاوەڕێی کۆبوونەوەی بەر لە دانیشتنی پەرلەمان دەکەن بۆ یەکلاییکردنەوەی هەڵوێستیان.
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، کە گەورەترین فراکسیۆنی کوردستانییە لە پەرلەمانی عێراق، تاوەکو ئێستا بڕیاری کۆتایی نەداوە. شوان کەلاری، بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تاوەکو ئێستا بە فەرمی بڕیار نەدراوە بایکۆتی کۆبوونەوەکە بکەین. فراکسیۆنەکەمان پێش دانیشتنەکەی پەرلەمان کۆدەبێتەوە و ئەوکات بڕیار دەدرێت بەشداری بکەین یان نا." هاوکات شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری هەمان فراکسیۆن، ئەو زانیارییانەی بۆ رووداو پشتڕاست کردەوە.
بەڵام فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، وەک دووەم گەورەترین فراکسیۆنی کوردستانی، بەشداریی دانیشتنەکە دەکات. غەریب ئەحمەد، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە بەغداین و هیچ بڕیارێک نییە بایکۆتی کۆبوونەوەکە بکەین."
ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی گوتیشی، "جێگرەوەی گفتوگۆ تەنیا گفتوگۆیە. دەبێت لەپێناو چارەسەری کێشەکان، بەتایبەتی پرسی مووچە، یەک گوتار و پشوودرێژ بین."
هەریەک لە فراکسیۆنەکانی یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەرییش هەڵوێستی خۆیان بەستووەتەوە بە کۆبوونەوەی نێوخۆیی و راوێژ لەگەڵ لایەنە کوردستانییەکانی دیکە. سۆران عومەر، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری و دارا سێکانیانی، ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتوو، بە رووداویان گوت، بڕیاری کۆتاییان نەداوە و پێش دانیشتنەکە هەڵوێستی خۆیان رادەگەیێنن.
فراکسیۆنی نەوەی نوێش بڵاویکردەوە، لە بەغدا "ناکشێنەوە" و رایگەیاند، "ئێمە کاری لەو جۆرە ناکەین، چونکە ئەوەندەی دیکە خەڵک زەرەر دەکەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ