رووداو دیجیتاڵ
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێ، حکومەتەکەی پلانی هەیە بۆ بەگەڕخستنەوەی هێڵی بۆریی نەوتی کەرکووک-بانیاس، ئەوەش وەک بەشێک لە هەوڵەکانی بۆ فرەچەشنکردنی دەروازەکانی هەناردەکردنی نەوت. گوتەبێژی وەزارەتی وزەی سووریاش بە رووداوی گوت: "هێڵەکە نوێ دەکرێتەوە یان هێڵێکی نوێ دروست دەکرێت."
ئەمڕۆ سێشەممە، 12ـی ئابی 2025، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە بەغدا پێشوازی لە محەممەد بەشیر، وەزیری وزەی سووریا کرد و رایگەیاند، پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە بواری وزەدا لە بەرژەوەندیی هەردوو وڵاتدایە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی بەگەڕخستنەوەی هێڵی بۆریی نەوتی کەرکووک- بانیاس کراوە و بڕیارە لیژنەیەکی تەکنیکیی هاوبەش بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆخی هێڵەکە و تاوتوێکردنی بژاردەکانی نۆژەنکردنەوەی پێکبهێنرێ.
لە دیدارەکەدا باسی دەرفەتی پڕۆژەی هاوبەشی پیشەسازیی نەوت و پترۆکیمیایی لە کەناراوەکانی دەریای نێوەڕاست و هاوئاهەنگی بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و رێکخستنی پشکی ئاو کراوە.

سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لە "پشتیوانیی عێراق بۆ سەقامگیری و سەروەریی سووریا" کردەوە و رایگەیاند، پێویستە هاوئاهەنگیی هاوبەش بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان و لێکەوتەکانی "بەردەوامیی دەستدرێژی بۆ سەر غەززە" زیاتر بکرێ.
وەزیری وزەی سووریا جەختی لە قووڵایی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و سووریا کردەوە بە رەهەندی کۆمەڵایەتی و کولتووری و ئاماژەی بە دەرفەتەکانی هاوکاریی نێوانیان کرد لە بوارەکانی وزە، گەیاندن، راکێشانی کێبڵی ئینتەرنێت لە ئەورووپاوە بەنێو خاکی سووریادا و وەبەرهێنانی هاوبەش.
هەر لەوبارەوە ئەحمەد سلێمان، گوتەبێژی وەزارەتی وزەی سووریا لە کاتی بەشداریکردن لە گەشتی هەواڵەکانی کاژێری 19:00ی تایبەت بە رۆژئاوای کوردستان و سووریای تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند: "دیدارەکان لە بەغدا بەرهەمداربوون، هاوکاری هاوبەش لە نێوان هەردوو وڵات دەبێ. هاوکارییەکان فراوانتر و قووڵتر دەبن".
گوتەبێژی وەزارەتی وزەی سووریا ئاماژەی بەوەکرد: "کۆمەڵێک پرس تاوتوێ کران، لەوانەش پرسی هێڵی بۆریی گواستنەوەی نەوتی کەرکووک - بانیاس کە هێڵێکی ستراتیژییە و نەوتی عێراقی پێدا هەناردە دەکرا. پلانێک هەیە بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی تەکنیکیی هاوبەش تاوەکو پشکنین بۆ هێڵەکە بکات و بزانرێ دۆخی ئێستای چۆنە. هەروەها لێکۆڵینەوە لەوە دەکرێت کە ئایا دەتوانرێت نۆژەن بکرێتەوە یان پێویستە بە تەواوی بگۆڕدرێت".
گوتەبێژی وەزارەتی وزەی سووریا جەختی لەوە کردەوە: "هەردوو لایەنی سووریایی و عێراقی رێککەوتن کە هەریەکەیان لای خۆیەوە لیژنەیەکی تەکنیکی پێکبهێنێ. لیژنەکە سەردان دەکات بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە دۆخی هێڵی کەرکووک- بانیاس و پەمپەکانی سەر هێڵەکە، وەک وێستگەکانی T1, T2, T3, T4دواتر هەڵسەنگاندن بۆ هێڵەکە و پەمپەکانی دەکرێت و پەنا بۆ کۆمپانیایەکی راوێژکاری دەبرێت بۆ دیاریکردنی ئەگەری نۆژەنکردنەوەی یان دانانی هێڵێکی نوێ."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ