عێراق بڕیارێکی نوێ لەبارەی هاوردەکردنی ئامێرە کارەباییەکان دەردەکات

12-09-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق دەڵێت، لە رۆژی 15ی ئەیلوولەوە رێگە بە هاوردەکردنی هیچ بەرهەمێک نادرێت کە بارکۆدی تایبەت بە کواڵیتیی جۆریی عێراقی لەسەر نەبێت. ئاماژە بەوەش دەکات، لەسەر ئەو پرسە هاوئاهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکەن.
 
ئەمڕۆ هەینی 12ی ئەیلوول، عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دەبێت ئامێرە کارەباییە هاوردەکراوەکان پابەندی ئەو پێوەرانە بن لەلایەن ناوەندی پێوانە و کۆنترۆڵی جۆرییەوە پەسند کراون، بە مەبەستی دڵنیابوون لە گونجانیان لەگەڵ ستانداردە عێراقی و نێودەوڵەتییەکان.
 
هینداوی گوتیشی، "یەکەم هەنگاو پێش بارکردنی کاڵاکان، وەرگرتنی بڕوانامەی گونجانە لەگەڵ دۆخی عێراق لە چوارچێوەی پرۆگرامی هەڵسەنگاندنی گونجان، بەو مەرجەی بڕوانامەکە لەلایەن لایەنێکی باوەڕپێکراوەوە لە وڵاتی سەرچاوەی بەرهەمەکە دەرکرابێت."
 
بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ئەو ئامێرە کارەباییانەی رێکارەکە دەیانگرێتەوە بریتین لە بۆیلەر، هیتەر، ئامێرەکانی ساردکەرەوە، سپلیت و فێنککەرەوەکان، فڕنی کارەبایی؛ ئاماژەی بەوەش کرد، "لە 1ی تەممووزی 2024ەوە هەڵگرتنی نیشانەی کواڵیتیی عێراق بۆ ئەو ئامێرانە کراوەتە ناچاری و لە 15ی ئەیلوولیشەوە بوونی بارکۆدی تایبەت دەبێتە مەرج."
 
ئاماژەی بەوەش کرد، "هاوئاهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە هەیە."
 
عەبدولزەهرە هینداوی دەشڵێت، "پێویستە ئامێرەکان لەگەڵ تایبەتمەندییە تەکنیکییەکان و پێوەرەکانی سەلامەتیی عێراق بگونجێن کە لەو پێوەرانەدا پشت بە ستانداردە نێودەوڵەتییەکان دەبەستین."
 
گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق راشیگەیاند، "پێویستە بەرهەمە هاوردەکراوەکان زانیاریی روون لەبارەی وڵاتی بەرهەمهێن، ناوی هاوردەکار یان کارگەی دروستکەر و تایبەتمەندییە کارەباییەکان لەخۆبگرن، لەگەڵ بوونی لەزگەی سەلامەتیی وزە و بەکارهێنان."
 
عێراق 17 دەروازەی سنووری وشکانی و دەریایی هەیە لەگەڵ یەکەی گومرگی لە هەر چوار فڕۆکەخانەی بەغدا، بەسرە، کەرکووک و نەجەف.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە