سوودانی لە مۆسکۆ گەڕایەوە و حەلبووسی عێراقی بەرەو پاریس جێهێشت

12-10-2023
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

درەنگانی شەوی رابردوو محەممەد شیاع سوودانی لە مۆسکۆوە گەڕایەوە بەغدا و محەممەد حەلبووسی-ش عێراقی بەرەو پاریس بەجێهێشت.
 
شەوی رابردوو نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، کۆتایی بە سەردانەکەی بۆ مۆسکۆ هێنا و گەڕایەوە بەغدای پایتەختی عێراق.
 
پێش گەڕانەوەی سوودانی، ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە11-10-2023 محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە سەردانێکی فەرمی بەرەو پاریسی پایتەختی فەرەنسا بەڕێکەوت. بەگوێرەی راگەیێندراوێکی نووسینگەکەی، بڕیارە لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆمار؛ خاتوو یائیل براون، سەرۆکی کۆمەڵەی نیشتمانی و جیرار لارشیە، سەرۆکی ئەنجوومەنی پیرانی فەرەنسا کۆببێتەوە.
 
لەسەر بانگهێشتی فەرمیی سەرۆکی رووسیا، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رۆژی سێشەممە 10-10-2023 گەیشتە مۆسکۆ و چاوی بە ڤلادیمیر پووتین کەوت.
 
لە راگەیێندراوەکەی نووسینگەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، کە پاشنیوەڕۆی رۆژی سێشەممە، 10ی تشرینی یەکەمی 2023 بڵاوکرایەوە، تێیدا هاتووە، کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی شاندی عێراق و رووسیا کراوە. گفتوگۆ لەبارەی پەیوەندیی دووقۆڵی، میکانیزمی بەهێزکردنی هاوئاهەنگی هاوبەش لە سەرجەم بوارە چالاکەکان بەگشتی و دۆسیەی وزە و پەرەسەندنی کەرتەکانی پیشەسازیی نەوتی کراوە. 
 
هەروەها سوودانی و پووتین، گفتوگۆیان لەبارەی چالاکییەکانی کۆمپانیا نەوتییەکانی رووسیا لە عێراق و وەبەرهێنانیان لەم کەرتەدا لە روانگەی حکومی و ستراتیژییەتی لە گەشەپێدانی ئابووری عێراق و فرەچەشنکردنی داهاتەکانی کردووە. 
 
لەلایەن خۆیەوە، سەرۆکی رووسیا ئاماژەی بە قوڵایی پەیوەندییە مێژووییەکانی هەردوو وڵات کردووە و روونیکردەوە کە کەرتی وزە یەکێکە لەو کەرتە هەرە گرنگ و هاوبەشانەی دەکرێت بەغدا و مۆسکۆ بەهاوئاهەنگی هاوبەش کارا و چالاکیی بکەن. 
 
پووتین هەروەها خۆشحاڵی خۆی دەربڕیووە بە بەشداریکردنی سوودانی لە شەشەمین گەڕی کۆڕبەندی وزەی رووسی کە بڕیارە سبەی بەڕێوەبچێت و پێداگری لەوە کردەوە کە دەرفەتێک دەبێت لە پێناو فراوانکردنی ئاسۆی هاوبەشیکردن لە گەشەپێدانی کەرتەکانی وزە، نەوت و گازی سروشتی. 
 
لەبارەی رووداوەکانی بەمدواییانەی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین، ڤلادیمیر پووتین باسی لەوەکردووە کە هەوڵەکانیان چڕ دەکەنەوە بۆ بەرگرتن لە دەرەنجامە مەترسیدارەکانی شەڕ و پێکدادانەکان و کەمکردنەوەی گرژییەکان. 
 
پاشنیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە، 11-10-2023، لە پانێڵێکدا لە کۆڕبەندی "هەفتەی وزەی رووسیا"، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان کە زیاتر لە شەش مانگە بە بڕیاری دەستەی نێوبژیوانی پاریس راگیراوە، پرسیاری لێکرا.
 
محەممەد شیاع سوودانی لە وەڵامدا گوتی، "بەڵێ بە دڵنیاییەوە. حکومەت ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی هێڵی جەیهانەوە. وەکو هەمووان دەزانن، هەناردەکردنی نەوت بەهۆی بڕیاری دادگەی نێودەوڵەتیی نێوبژیوانی پاریسەوە راگیرا؛ هەروەها بەهۆی شوێنەواری هۆکاری بوومەلەرزەوە وەکو تورکیا بانگەشەی بۆ دەکرد. بەمدواییانە ئاگادارکردنەوەی دۆستانمان لە تورکیا هەیە کە هێڵەکە ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت."
 
زیاتر لە 200 رۆژە هەناردەکردنی نەوتی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە راوەستاوە؛ لەو ماوەیەدا زیاتر لە شەش ملیار دۆلار زیان بە عێراق و هەرێمی کوردستان کەوتووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە