رووداو دیجیتاڵ
گرووپە چەکدارەکانی عێراق کە ئێران پاڵپشتییان دەکات و خۆیان بە (موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق) دەناسێنن، دەڵێن، هێرشیان کردووەتە سەر دوو "پێگەی گرنگ"ی ئیسرائیل لە بەرزاییەکانی گۆلان لە سووریا.
ئەمڕۆ شەممە 12ی ئۆکتۆبەر، (موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق) بڵاویکردەوە، "موجاهیدەکانی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، ئەمڕۆ شەممە 12-10-2024 هێرشیانکردە سەر دوو پێگەی گرنگ لە گۆلانی داگیرکراو."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هەردوو هێرشەکە لە رێگەی درۆنە کراون؛ ئاماژە بەوەش دەکات، "هێرشەکانی موقاوەمەی ئیسلامی بۆ سەر پێگەکانی دووژمن زیاتر دەبن."
حەیدەر لامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی نوجەبا رۆژی 07-10-2024 بە رووداوی راگەیاند، لە سەرەتای جەنگی غەززەوە، (موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق) زیاتر لە 400 جار هێرشی درۆنی و مووشەکی کردووەتە سەر ئیسرائیل. میدیای ئیسرائیلی باس لەوە دەکات، ئەو گرووپانە نزیکەی 170 جار هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل و 70٪ی ئەو هێرشانەش لە ئەیلوولدا بوون.
لامی گوتی، "بزووتنەوەی نوجەبا بەشێکە لە موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق و بەشێکە لە بەرەی موقاوەمە" کە ئێران و هەموو گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران دەگرێتەوە.
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی نوجەبا ئاماژەی بەوەش کرد، لە هێرشەکاندا "شوێنی هەستیاری نێو قەوارەی زایۆنیمان کردووەتە ئامانج."
دوای ئەوەی کە سوپای ئیسرائیل لە کۆتایی مانگی رابردوودا قورسایی هێرشەکانی خستەسەر حیزبوڵڵای لوبنان، گرووپە چەکدارەکانی عێراقیش هێرشەکانیان بۆسەر ئامانجەکانی ئیسرائیل زیادکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ