رووداو دیجیتاڵ
لە گەڕەکی ئەلوەحدەی شاری دیوانییەی ناوەندی پارێزگای قادسیە، خەڵک دەستیان بە خۆپێشاندان کردووە و داوای خزمەتگوزاری دەکەن. خۆپێشاندەران ئاگر لەسەر شەقام دەکەنەوە و رێگە بە بانگەشەی هەڵبژاردن نادەن.
خۆپێشاندانەکە لە شەوی هەینییەوە دەستیپێکردووە، خۆپێشاندەران درووشمی "گەندەڵی سیاسی" و "بەڵێنی درۆزنانەی هەڵبژاردن" دەڵێنەوە.
پارێزگای دیوانیە بە یەکێک لە هەژارترین پارێزگاکانی عێراق دادەنرێت، بەپێی داتاکانی وەزارەتی پلاندانان و ناوەندەکانی ئاماری فەرمی، رێژەی هەژاری تێیدا گەیشتووەتە نزیکەی 29%، بەمەش دەکەوێتە دوای پارێزگاکانی موسەننا و بابل.
یاسین ئەلمیاحی، یەکێک لە رێکخەرانی خۆپیشاندانەکە لە گەڕەکی وەحدە، دەڵێت: "بڕیاری خەڵک بۆ پێشوازی نەکردن لە بەربژێرەکان دوای ئەوە هات کە رێگاکانی ژیانمان لێ تەنگ بووە، چیدی متمانەمان بەوانە نییە کە لە هەموو هەڵبژاردنێکدا سوود لە پێویستییەکانمان وەردەگرن."
گوتیشی، "گەڕەکەکەمان بە یەکێک لە هەژارترین ناوچەکانی دیوانیە دادەنرێت، تۆڕی ئاوەڕۆ یان رێگەی قیرتاوکراو یان هەلی کار بۆ گەنجان نییە، لە کاتێکدا بەرپرسان تەنیا بۆ وێنەگرتن و بەرزکردنەوەی درووشم لێرەوە تێدەپەڕن."
پارێزگای قادسیە (دیوانیە) 13 قەزا و سێ ناحیەی هەیە، کە دیارترینیان شافعیە، سنیە، شامیە و عەفەکە، ناوەندی پارێزگاکە چڕترین دانیشتووانی تێدایە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، خالید تەمیمی، لە راگەیاندنی پارێزگاکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "وەحدە، گەڕەکێکی کۆنی دیوانیەیە، خزمەتگوزاریی سەرەکیی وەکو ئاو و کارەبای هەیە، بەڵام دانیشتووانەکەی داوای خزمەتگوزاریی زیاتر دەکەن."
خالید تەمیمی گوتی، "دانیشتووانی گەڕەکی وەحدە، داوای قیرتاوکردنی شەقام و گەڕەکەکان و تەواوکردنی پرۆژەکان دەکەن."
لەبارەی رێگریکردنی خۆپیشاندەران لە بانگەشەی هەڵبژاردنیش گوتی: "لە شوێنەکانی دیکەی شارەکە بانگەشە بە گەرم و گوڕی بەڕێوەدەچێت، بەڵام لەو گەڕەکە بەو جۆرە نییە و کەمترین بانگەشە دەکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ