رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری هێڵی ئاسمانیی عێراقییە نرخی تیکتی فڕۆکە بۆ دوو خزمی نزیکی بە رێژەی 90٪ کەم دەکاتەوە. وەزیری گواستنەوە لەسەر ئەو کارە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکدەهێنێت.
بەگوێرەی نووسراوێک کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە، مەناف عەبدولمونعم عاجل، بەڕێوەبەری هێڵی ئاسمانیی عێراقییە بە رێژەی 90٪ داشکانی لە نرخی تیکتی فڕۆکە بۆ خوشکی و کچەزایەکی لە گەشتی ئاسمانیی نێوان بەغدا- عەممان کردووە، ئەوەش کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە.
لەوبارەوە مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رۆژی یەکشەممە، 12-11-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئێوارەی دوێنێ رەزاق محێبس سەعدوای، وەزیری گواستنەوەی عێراق بڕیاریدا لیژنەی لێکۆڵینەوە پێکبهێنێت و ئەمڕۆ یەکشەممە لیژنەکە کارەکانی خۆی دەستپێدەکات و رێکاری پێویست دەگرێتەبەر.
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق دەڵێت، هێڵی ئاسمانیی عێراقییە داشکانی هەیە بۆ هەندێک کارمەندی هێڵەکە لە هەندێک دۆخی تایبەتیدا، بەڵام نابێت خزم خزمێنە لەسەر حیسابی دارایی گشتی و دامەرزاوە حکومییەکان بکرێت.
کۆمپانیای گشتیی هێڵی ئاسمانیی عێراقییە، کۆمپانیایەکی حکومییە و سەر بە وەزارەتی گواستنەوەی عێراقە، لە 1945 دامەزراوە.
مانگی رابردوو ( تشرینی یەکەمی 2023)، هێڵی ئاسمانیی عێراقییە، هەزار و 382 گەشتی راستەوخۆی کردووە، لەو رێگەیەوە 197 هەزار و 72 گەشتیاری گواستووەتەوە لەنێوخۆ و دەرەوەی وڵات. هێڵەکە خزمەتگوزاری لە سەرووی 40 وڵات هەیە لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئاسیا، ئەفریقا و ئەوروپا. نرخی تیکتی چوون و گەڕانەوە لە فڕۆکەخانەی بەغدا بۆ عەممان نزیکەی 450 هەزار دینارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ