هاوپەیمانییەکەی سوودانی لە نەجەف و کەربەلاش یەکەمە

12-11-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەگوێرەی ئەنجامە نافەرمییەکان، هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە پارێزگاکانی نەجەف و کەربەلاش لەپێش لیستەکانی دیکەوەیە.
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان 3 کورسی لە پارێزگای نەجەف بەدەست دەهێنێت و بەوەش پێش لیستەکانی دیکە دەکەوێ، کە کێبڕکێیان لەسەر 12 کورسییەکەی پارێزگاکەیە.
 
بەپێی زانیارییەکان، هاوپەیمانیی هێزەکانی دەوڵەتی نیشتمانی 2 کورسی و هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا 2 کورسی بەدەستدەهێنن. هاوکات هەریەکە لە هاوپەیمانیی ئەساسی عێراقی، بزووتنەوەی سادیقوون، ئیشراقەی کانوون، خەدەمات و ئەبشیر یا عێراق کورسییەک بەدەست دەهێنن.
 
لە پارێزگای کەربەلاش کە خاوەنی 11 کورسییە، هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان 3 کورسی بەدەست دەهێنێت، دوای ئەوەی نزیکەی 70 هەزار دەنگی مسۆگەر کرد.
 
هاوکات، هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا 2 کورسی و ئیشراقەی کانوونیش 2 کورسی بەدەست دەهێنن، دوای ئەوەی هەریەکەیان نزیکەی 50 هەزار دەنگیان هێنا.
 
هەروەها هەریەکە لە هاوپەیمانیی هێزەکانی دەوڵەتی نیشتمانی، هاوپەیمانیی ئەساسی عێراقی، رێکخراوی بەدر و بزووتنەوەی سادیقوون کورسییەک بەدەست دەهێنن.
 
رۆژی سێشەممە 11-11-2025 دەنگدانی گشتیی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند، رێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردن 55%ی تێپەڕاندووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە