رووداو دیجیتاڵ
25%ى کارگەکانى کەرتى گشتیى عێراق لەکار کەتوون، ئەو کارگانە رۆژانە 319.2 هەزار مەتر سێ جار ئاو بەکاردەهێنن، 41.8%یان پشت بە ئاوى هەردوو رووبارى دیجلە و فورات دەبەستن، رێژەى پاشماوەى مەترسیدارى کارگەکانیش لە مانگێکدا 800 کیلۆگرامە.
ئەو ئامارانە بەشێک بوون لە ئەنجامی پێنوێنیی تایبەت بە ئاماری ژینگەیی بۆ عێراق لە کەرتی پیشەسازی دا. کە لەلایەن دەستەى ئامارى عێراقەوە بڵاوکراوەتەوە.
بە گوێرەی ئەو ئامارە، 225 کارگە و کۆمپانیای کەرتی تێکەڵ سەر بە وەزارەتی پیشەسازیی عێراقن، لەو ژمارەیە 25.3%ـیان کار ناکەن کە 57 کارگەن، زۆرترین کارگەی لەکارکەوتوو لە بواری کەرەستەی خانووبەرەن، کە 20 کارگەی لەکارکەوتوون.
بە گوێرەی راپۆرتەکە زۆرترین کارگەی کارا لە بەغدایە، کە 52 کارگەیە، چوار پارێزگا هیچ کارگەیەکی سەر بە وەزارەتی پیشەسازییان تێدا نییە کە کارا بێت، کەرکووک یەکێکە لەو پارێزگایانە.
رێژەی پاشماوەی کارگەکانی کەرتی گشتیی عێراق دوو ملیۆن و 149 هەزار و 77 کیلۆگرامە لە مانگێکدا، لەو بڕە 800 کیلۆگرامی مەترسیدارە.
بەشێک لە راپۆرتەکە تایبەتە بە پشتبەستنی کارگە و کۆمپانیاکانی کەرتی گشتی و تێکەڵ بە سەرچاوە جیاوازەکانی ئاو بۆ کارکردنیان. 74 کارگەی کەرتی گشتی پشت بە ئاوی بۆری دەبەستن کە لەلایەن دەوڵەتەوە بۆیان دابین کراوە، کە 49%ی تێکڕای ژمارەی کارگەکانن.
63 کارگەی سەر بە وەزارەتی پیشەسازیی عێراق سوود لە ئاوی هەردوو رووباری دیجلە و فورات دەبینن، 46 کارگەی سەر بە وەزارەتی پیشەسازیی پشت بە ئاوی رووباری دیجلە دەبەستن کە بە رێژەی 30.5% دەبێت، 17 کارگەی دیکە پشت بە ئاوی فورات دەبەستن، کە 11.3% دەکات.
ئەو کارگانە رۆژانە 319.2 هەزار مەتر سێجا ئاو بەکاردەهێنن و کارگەکانی پترۆکیمیایی زۆرترین ئاو بەکاردەهێنن، کە 187.3 هەزار مەتر سێجایە و دەکاتە 58.7%ی رێژەی ئاوی بەکارهاتووی رۆژانە لەلایەن کارگەکانەوە، کەرتی دەرمان و خۆراک کەمترین ئاو بەکاردەهێنن، کە 10.3 هەزار مەتر سێجا و دەکاتە 3.2%ی تێکڕای بڕی ئاوی بەکارهێنراوی رۆژانە لەلایەن کارگەکانەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ