رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئەمڕۆ شەممە، 13-1-2024 پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە و سەرۆکی نوێی پەرلەمان هەڵبژێرێت.
کۆبوونەوەکە لە کاتێکدایە، ئێوارەی رۆژی هەینی، 12-01-2024، پەرلەمانتارانی تەقەدووم بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی بۆ دیاریکردنی بەربژێرەکەیان کۆبوونەوە و بە کۆی دەنگ بڕیاریاندا شێخ شەعلان عەبدولجەبار کەریم بەربژێریان بێت.
بەپێی یاداشتێک کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، 45 پەرلەمانتارەکەی تەقەدووم واژۆیان کردووە کە شێخ شەعلان بەربژێریانە بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق.
زرغام مالیکی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەر لایەنێک زۆرینەی نێو سوننەکان بێت، پێویستە سەرۆکی پەرلەمان لەو لایەنە بێت. بەپێی ئەنجامی دوایین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، پارتی تەقەدووم بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی زۆرینەی کورسییەکانی هەیە. هەربۆیە پێویستە سەرۆکی نوێی پەرلەمان لە هاوپەیمانی تەقەدووم بێت".
بەڵام بەشێکی زۆری پەرلەمانتارانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆچوونی دیکەیان هەیە. سائیر جبووری، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە رووداوی گوت، دەوڵەتی یاسا و چوارچێوەی هاوئاهەنگی، پشتیوانی لە مەحموود مەشهەدانی لە هاوپەیمانیی عەزم دەکەن بۆ ئەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق وەربگرێت.
هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پێویستی بە دەنگی 166 پەرلەمانتارە لە 329 کورسییەکەی پەرلەمانی عێراق.
ئێستا لەنێو سوننەکان سێ بەربژێر بۆ جێگرتنەوەی محەممەد حەلبووسی هەن کە بریتین لە شەعلان کەریم، بەربژێری پارتی تەقەدووم بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبووسی؛ سالم عیساوی، بەربژێری هاوپەیمانیی سەروەری بە سەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر و مەحموود مەشهەدانی، بەربژێری هاوپەیمانیی عەزم.
شەعلان کەریم
- شەعلان عەبدولجەبار عەلی کەریم
- لەدایکبووی 1967ـی ناحیەی دیجلەی قەزای سامەڕایە
- سیاسەتمەدار و سەرۆکی هۆزی بوعیسایە
- بەکالۆریۆسی لە زانستە ئیسلامییەکانی کۆلێژی ئیمامی ئەعزەم لە ساڵی 1999 بەدەستهێناوە
مەحموود مەشهەدانی
- مەحموود داود سەلمان مووسا مەشهەدانی
- ساڵی 1948 لە بەغدا لەدایکبووە
- ساڵی 1972 کۆلێژی پزیشکی تەواوکردووە
- لە سوپای عێراق وەکو پزیشک کاری کردووە
- لە ساڵی 1990 دەستگیرکراوە و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە
- دواتر سزاکەی بۆ 15 ساڵ زیندانی کەمکرایەوە
- لە ساڵی 2004 ئەندامی لیژنەی نووسینەوەی دەستووری عێراق بووە
- لە ساڵی 2006 تاوەکو 2009 سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و یەکێتیی پەرلەمانی عەرەبی بووە
- یەکەم سەرۆکی پەرلەمان بوو دوای رووخانی بەعس
- دامەزرێنەری بەرەی دیالۆگی نیشتمانی بوو لە ساڵی 2004
- لە 17ـی کانوونی یەکەمی 2008 دەستی لەکار کێشایەوە و 23ـی کانوونی یەکەم پەسندکرا
سالم عیساوی
- سالم مەتەر عەبد حەسەن عیساوی
- لەدایکبووی 1972
- بەکالۆریۆس لە کۆلێژی مەعاریفی ئیسلامی لە ساڵی 2014
2010 تاوەکو 2014 ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار بووە
- لە خولی سێیەمی پەرلەمانی عێراق (2014-2018) ئەندامی پەرلەمان بووە
- ئێستا ئەندامی پەرلەمانە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ