پەرلەمانتارێکی پارتی: لە بەغدا لە سەنگەرین و فیشەکمان نییە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
بەشار عەزیز
بەشار عەزیز @BasharAzeez2
شێروان دووبەردانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق
شێروان دووبەردانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رەخنە لە شاندەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگرێت و دەڵێت، کاتێک دەچنە بەغدا زانیاری و داتای پێویست بە پەرلەمانتارانی کورد نادەن، بۆیە ناتوانن وەک پێویست و بە بەڵگەوە وەڵامی ئەو "تۆمەتانە" بدەنەوە کە لە پەرلەمان ئاراستەی هەرێمی کوردستان دەکرێن.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 13-01-2026، شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال)ـی تۆڕی میدیایی رووداو، تیشکی خستە سەر دانیشتنەکانی دوو رۆژی رابردووی پەرلەمان کە تایبەت بوو بە داهاتە نانەوتییەکان و دەروازە سنوورییەکان.
 
دووبەردانی ئاماژەی بەوە کرد، ژمارەیەکی زۆر پەرلەمانتار ناوی خۆیان تۆمار کردبوو بۆ قسەکردن و بە "نەفەسێکی سیاسی" هێرشیان کردووەتە سەر هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستانیان بەوە تۆمەتبار کردووە کە داهات رادەست ناکات.
 
"لە سەنگەرین بەبێ فیشەک"
 
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی گلەیی تووندی لە نەبوونی هاوئاهەنگی لەنێوان شاندەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و فراکسیۆنە کوردستانییەکان کرد و گوتی: "ئێمە لەوێ [لە بەغدا] لە سەنگەرین، خۆمان چەکین، بەڵام فیشەکمان نییە؛ واتە زانیاریمان نییە. شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە دێنە بەغدا، ئێمە وەک نوێنەرانی کورد نایانبینین."
 
دووبەردانی روونیکردەوە، ئەو داتایانەی لە دانیشتنەکەدا بۆ بەرگریکردن لە هەرێمی کوردستان خستوویەتیەڕوو، هەوڵی کەسیی خۆی بووە و لەلایەن شاندەکەوە پێی نەدراوە. گوتیشی: "نابێت بەو شێوەیە بێت کە شاندەکە بێتە بەغدا و بگەڕێتەوە و ئێمە ئاگادار نەبین. دەبێت پێشوەختە لەگەڵ ئێمە دابنیشن و زانیاریمان بدەنێ بۆ ئەوەی بە بەڵگەوە وەڵامی تۆمەتەکان بدەینەوە."
 
دەروازە سنوورییەکان و داهات
 
سەبارەت بەو تۆمەتانەی لەبارەی دەروازە سنوورییەکانەوە ئاراستەی هەرێمی کوردستان دەکرێن، شێروان دووبەردانی گوتی: "پەرلەمانتارانی شیعە باس لەوە دەکەن دەروازەی نافەرمی لە هەرێمی کوردستان هەیە، لەکاتێکدا ئەگەر باس لە گەندەڵی و دەروازەی نافەرمی بێت، دەبێت باسی بەسرەش بکرێت. لە بەسرە میلیشیاکان دەستیان بەسەر داهاتی دەروازە و بەندەرەکاندا گرتووە و داهات بۆ حکومەت ناگەڕێتەوە."
 
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندبوونی خۆی جێبەجێ کردووە بۆ رادەستکردنی داهات.
 
شێروان دووبەردانی داوای لە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە میکانیزمی کارکردنیان لەگەڵ نوێنەرانی کورد لە بەغدا بگۆڕن.
 
پەرلەمانتارەکەی پارتی گوتی: "داوا دەکەین لە کابینەی دەیەمدا، هەر شاندێک دێتە بەغدا، جا هی وەزارەتی دارایی بێت یان هەر وەزارەتێکی دیکە، لەگەڵ پەرلەمانتارانی کورد کۆببنەوە و زانیاری و بەڵگەنامەکانمان بدەنێ، بۆ ئەوەی ئێمەش بتوانین لە لیژنەکان و لە نێو هۆڵی پەرلەمان بە ژمارە و بەڵگە بەرگری لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بکەین."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی ئەسیکۆدا

خشتەی تازەی سیستمی ئەسیکۆدا؛ بڕی گومرگی سەر کاڵاکان بزانە

بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی عێراق رایدەگەیێنێت، 75%ی قۆناخەکانی جێبەجێکردنی سیستمی "ئەسیکۆدا" لە دەروازە فیدراڵییەکان تەواو بووە، بەڵام جێبەجێکردنی لە هەرێمی کوردستان "پێویستی بە بڕیارێکی سیاسییە."