حیزبوڵڵا: هەڵوێستی ئەوانە لەبەرچاودەگرین کە ئامادەی کۆبوونەوەکەی پەرلەمان نەبوون

13-02-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق رایدەگەیێنێت، هەڵوێستی ئەوانە لەبەرچاودەگرن کە لە دانیشتنەکەی پەرلەمان تایبەت بە دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا ئامادە نەبوون و دەڵێت سەروەریی تەواو بۆ عێراق دەگەڕێننەوە.
 
محەممەد موحی، گوتەبێژی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق رایگەیاند، خەڵکی عێراق ئاگاداری دانیشتنەکەی پەرلەمانی عێراق بوون کە تایبەت بوو بە تاوتوێکردنی بابەتی دەرچوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراقدا، ستایشی پەرلەمانتاران بە گشتی دەکەن کە داوای کۆبوونەوەکان کرد و لە دانیشتنەکەدا ئامادەبوون. 
 
هەروەک هەڵوێستی ئەوانەش لەبەرچاودەگرن کە لە دانیشتنەکەدا ئامادەنەبوون بەهۆی "دەستوەردانی ئەمریکی پیس کە هەژموونی بە سەریانەوە هەیە، لەگەڵ هەژموونی ئیسرائیل و عەرەبەکانی کەنداو، ئەوەش پاڵنەر و هاندەرێکی دیکەمان دەبێت تاوەکو کاری جدی بکەین بۆ رزگارکردنی بڕیاری سیاسی نەک لە ئاسمان و خاکی عێراق لە دەست داگیرکاری ئەمریکا، بەڵکو بۆ گەڕاندنەوەی سەروەریی تەواو بۆ عێراق لە هەژموون و مۆنۆپۆڵکردنی لەلایەن هێزی میحوەری شەڕەوە".
 
رۆژی شەممە، 10-02-2024 پەرلەمانی عێراق دانیشتنێکی راوێژکاریی لەبارەی هێرشەکانی لەسەر خاکی وڵاتەکەی بەڕێوەبرد. دانیشتنەکە زیاتر لە 100 واژۆی بۆ کۆکرابووەوە، بەڵام کەمتر لە 80 پەرلەمانتار لە هۆڵەکە ئامادەبوون. ئەوە لەکاتێکدایە کە ژمارەی پەرلەمانتارە شیعەکان لەنێو پەرلەمانی عێراق 199 پەرلەمانتارە. فراکسیۆنە کوردستانییەکان جگە لە موسەننا ئەمین و سۆران عومەر هیچ کەسێکی دیکەیان ئامادە نەبوون و سوننەکانیش تەنیا یەک پەرلەمانتاریان بەشداریکردووە. 
 
موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوایەکی ئاراستەی لیژنەکانی یاسایی و ئاسایش و بەرگری کرد کە واژۆی زیاتر لە 100 نوێنەری لەسەر بوو، سەبارەت بە یاسایەکی پێشنیازکراو بۆ دوورخستنەوەی هێزە بیانییەکان لە عێراق.  
 
پەرلەمانی عێراق، بڕیاریدا لیژنەیەک پێکبهێنێت بۆ هاوکاریکردنی لیژنەی دانوستاندنکاری حکومەت، بۆ خێراکردنی دەرکردنی هێزە بیانییەکان لە عێراق. هەروەها پەرلەمان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان کۆدەبنەوە بۆ بانگهێشتکردنی فەرماندە سەربازیی و ئەمنییەکان بۆ گفتوگۆ و هەروەها لیژنەکانی یاسایی و ئایاش و بەرگریی راپۆرتێک لەبارەی چارەنووسی پڕۆژەیاسای گۆڕینی ئەرکی هێزە بیانییەکان دەدەنە پەرلەمان.
 
شەوی چوارشەممە، 7ـی شوباتی 2024  ئەبو باقر ساعیدی یەکێک لە فەرماندەکانی حیزبوڵڵا لە نێو ئۆتۆمبێلێکدا لە ناوچەی مەشتەلی بەغدا کوژرا.
 
فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا – سێنتکۆم لە راگەیێندراوێکدا بەرپرسیارییەتیی خۆی لە ئەنجامدانی هێرشەکەی بەغدا راگەیاند و گوتی،  کاژێر 9:30 خولەکی ئێوارەی رۆژی 7ـی شوبات، "فەرماندەیەکی کەتائیبی حیزبوڵڵا کە بەرپرسیاریێتی راستەوخۆی لە پلاندانان و بەشداریکردن لە هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە هەبووە، کوژراوە. تاوەکو ئێستا هیچ ئاماژەیەک بۆ زەرەر و زیان و قوربانییانی مەدەنی نییە."
 
کوژرانی ئەو سەرکردەیەی حیزبوڵڵا، کاردانەوەی تووندی بەشێک شیعەکانی لێکەوتەوە و هەندێکیان داوایان کرد دەستبەجێ هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەربکرێن.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە