لێژنە بۆ رێگرى لە دەستگرتن بەسەر موڵکى پێکهاتەکانی عێراق پێکدەهێندرێت

13-02-2024
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لێژنەیەکى هاوبەش بۆ رێگرى لە دەستگرتن بەسەر موڵکى ئێزدى و کریستیان و سابیئە پێکدەهێندرێت، قایمقامى شنگال دەڵێت، "زۆرینەى ئەو موڵکانەى ئێزدی کە دەستیان بەسەردا گیراوە، بەر لەساڵى 2003 بووە".
 
وەزارەتى دادى عێراق لە راگەیێندراوێکدا پێکهێنانى لێژنەیەکى هاوبەشی بڵاوکردەوە لە نێوان ئەو وەزارەتە و نوێنەرانى دیوانى وەقفى ئایینەکانى کریستیان، سابیئە، ئێزدى بۆ رێگرى لە دەستگرتن بەسەر موڵکەکانیان.
 
خالید شوانى، وەزیرى دادى عێراق رایگەیاندووە، پێویستە هاوئاهەنگى لەگەڵ وەقفى ئایینەکانى کریستیان و ئێزدى و سابیئە بکرێت بۆ دانانى رێکارێک بۆ گەرەنتیکردنى پاراستنى موڵکى هاووڵاتیانى ئەو ئایینانە و تۆمارکردنى بەڵگەنامەکان بەگوێرەى یاسا.
 
ئەو رێکارەى وەزارەتى دادى عێراق دواى ئەوەهات، کە لە 11ـی شووبات، ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى سزدانى سێ کەسی راگەیاند، کە موڵکى هاووڵاتییەکى کرستیانیان لە بەغدا بە بەڵگەنامەى ساختە خستووەتە سەر خۆیان و فرۆشتوویانە لەکاتێکدا ئەو هاووڵاتییە کریستیانە لە ئەمریکا دەژى.
 
رۆژی 13ى شووباتى 2023، نایف سيدۆ، قایمقامى قەزاى شنگال بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، هەندێک کەیس هەبوون لەبارەى دەستگرتن بەسەر خانووى ئێزدییەکان، بەڵام زۆرترین کێشەى کوردانى ئێزدى لەگەڵ ئەو زەویانەیە کە دەستیان بەسەردا گیراوە.
 
نایف سیدۆ، ئاماژەى بەوەشدا، زەویى کوردانى ئێزدى لە قەحتانیە بەر لە ساڵى 2003 دەستیان بەسەردا گیراوە.
 
بەگوێرەى بڕیارەکەى وەزارەتى دادى عێراق، فەرمان دراوە بە فەرمانگەى دادنووسەکان کە وریا بن لەکاتى بەڕێکردنى بریکارنامەى کەسانێک کە لە پێکهاتە ئایینییەکان بن و لە دروستى بەڵگەمەکان دڵنیا ببنەوە، هەروەها لەگەڵ وەزارەتى دەرەوە قسە دەکرێت بۆ ئەوەى باڵیۆزخانە و کونسوڵگەرەکانى ئاگادار بکاتەوە کە وردبن لە رێکخستنى بریکارنامەکان لە دەرەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە