سوودانی و ئەردۆغان: بەرەنگاربوونەوەی پاشماوەکانی تیرۆر بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە پێویستە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا باسیان لە پڕۆژەی ''رێگەی گەشەپێدان و هاوئاهەنگیی ئەمنی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر'' کرد.

رۆژی هەینی، 13ی شوباتی 2026، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، محەممەد شیاع سوودانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیاوە پێگەیشت. لە سەرەتای پەیوەندییەکەدا هەردوولا بەبۆنەی نزیکبوونەوەی مانگی رەمەزانەوە پیرۆزباییان لە یەکدی کردووە.

پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان و ئابووری

بەپێی راگەیێندراوەکە، سوودانی و ئەردۆغان باسیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و بەهێزکردنی هاوئاهەنگییەکان لە بوارە جیاوازەکان کردووە، "بەتایبەتی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان" کە بایەخێکی گەورەی ئابووری و وەبەرهێنانی هەیە؛ هەروەها هەردوولا جەختیان لە پێویستیی بەرزکردنەوەی ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان بەغدا و ئەنقەرە کردووەتەوە."

هاوئاهەنگیی ئەمنی و دۆخی ناوچەکە

لە بەشێکی دیکەی پەیوەندییەکەدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆککۆماری تورکیا تیشکیان خستووەتە سەر پێشهاتەکانی ناوچەکە و جیهان، "هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی هاوئاهەنگیی ئەمنیی هاوبەش و بەرەنگاربوونەوەی پاشماوەکانی تیرۆر بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە."

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، سوودانی و ئەردۆغان جەختیان لە گرنگیی بەردەوامبوونی دیالۆگ و پەنابردن بۆ چارەسەری ئاشتییانە کردووەتەوە "بە مەبەستی رێگریکردن لە فراوانبوونی ململانێکان و پاراستنی گەلانی ناوچەکە لە مەترسییەکانی جەنگ."

بەپێی راگەیێندراوی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیاش، هەردوو سەرکردە تاوتوێی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و عێراق و پرسە هەرێمی و جیهانییەکانیان کرد.
 
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، تورکیا و عێراق بەردەوام دەبن لە هەنگاونان بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانیان لە چەندین بوار، بەتایبەتی بواری بازرگانی و ئەوەشی خستوەتەڕوو کە زیادکردنی هاوئاهەنگی لە بواری رووبەڕووبوونەوەی "تیرۆر"دا لە بەرژەوەندیی هەردوو وڵاتدایە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پەرلەمانی عێراق

10 لیژنەى پەرلەمانى عێراق تێکەڵ دەکرێن

لیژنەى کاتى هەموارى پەیڕەوى ناوخۆى پەرلەمانى عێراق پێشنیازی تێکەڵکردنى 10 لیژنە دەکات و بڕیارە هەفتەى داهاتوو دەنگى لەسەر بدرێت.