فراکسیۆنەکان بۆ دابەشکردنی سەرۆکایەتیی لیژنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا کۆدەبنەوە

13-03-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ فراکسیۆنەکانی نێو ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بۆ دابەشکردنی سەرۆکایەتیی لیژنەکانی نێو ئەنجوومەنی پارێزگاکە کۆدەبنەوە.
 
ویسام سالم، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە هاوپەیمانیی یەکێتیی خەڵکی نەینەوا "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان"، رۆژی چوارشەممە 13ی ئاداری 2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا 20 لیژنەی هەیە. لیژنەکان بەپێی گرنگییان دابەش دەبن بۆ لیژنەکانی ئەلف و بێ. تائێستا بابەتی سەرۆکایەتیی لیژنەکان لەنێوان فراکسیۆنەکانی نێو ئەنجوومەن یەکلایی نەبووەتەوە و دەبێت لیژنەکان بە رێککەوتن و سازان ئەو بابەتە یەکلایی بکەنەوە."
 
ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە 29 ئەندام پێکهاتووە، کە 3یان کۆتان. پارتی دیموکراتی کوردستان 4 ئەندام و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 2 ئەندامیان لە ئەنجوومەنەکەدا هەیە.
 
نوێنەرەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەڵێت، دوای کاژێر 02:00ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ فراکسیۆنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە خانەی میوانداری لە شاری موسڵ کۆدەبنەوە بۆ تاوتوێکردن و دابەشکردنی لیژنەکانی نێو ئەنجوومەنەکە؛ چاوەڕوان دەکرێت بگەنە رێککەوتن و لیژنەکان لەنێو فراکسیۆنەکان بەپێی قەبارە و سەنگیان دابەش بکەن.
 
رۆژی 5ی شووباتی 2024 لە یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێی پارێزگای نەینەوا، عەبدولقادر دەخیل بە زۆرینەی دەنگ بە پارێزگاری نەینەوا هەڵبژێردرا؛ ئەحمەد حاسوود بە سەرۆکی ئەنجوومەن و محەممەد جبووری بە جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا هەڵبژێردران.
 
رۆژی 10ی شووباتی 2024 سیروان رۆژبەیانی، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان بە جێگری یەکەمی پارێزگاری نەینەوا هەڵبژێردرایەوە؛ هەروەها عومەر نامیق مۆلە لە لیستی ناسنامەی نیشتمانی بە سەرۆکایەتیی رەیان کلدانی، بە جێگری دووەمی جێگری پارێزگاری نەینەوا هەڵبژێردرا.
 
ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا 29 کورسیی هەیە، لەو ژمارەیە لە هەڵبژاردنی 18ـی کانوونی یەکەمی 2023، فراکسیۆنی نەینەوا لیئەهلیها 5 کورسی، پارتی دیموکراتی کوردستان 4 کورسی، هاوپەیمانیی عەقدی نیشتمانی و سیادە 3 کورسی، هاوپەیمانیی تەقەدووم 2 کورسی، حەسمی نیشتمانی 2 کورسی، هاوپەیمانیی حەدبا 2 کورسی هەویەی وەتەنی 2 کورسی، ئتیحاد ئەهل نەینەوا 2 کورسی، عەزمی عێراق و حیزبی وەتەنی تەجدید یەکی کورسییەکیان بەدەستهێنا، جگە لەو سێ کورسییەی بۆ پێکهاتەکانی شەبەک، ئێزدی و کریستیان تەرخانکرابوون.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە