رووداو دیجیتاڵ
عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، هێرشی تووندی کردە سەر سیاسەتەکانی سەرۆکی ئەمریکا و رایگەیاند، گوشارەکان نابنە هۆی پاشەکشەی گەلی ئێران.
ئەمڕۆ هەینی، 13ی ئاداری 2026، عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە کاتی بەشداریکردنی لە رێپێوانی رۆژی جیهانیی قودس لە تاران، تیشکی خستە سەر هەڵوێستەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و گوتی: "ترەمپ عەقڵی بەوە ناشکێت کە ببینێت گەلی ئێران گەلێکی ئازا، بەهێز و خاوەن ئیرادەیە؛ هەرچەندە گوشارەکانی ئەمریکا زیاتر بن، ئیرادەی گەلی ئێران بۆ رووبەڕووبوونەوە زیاتر دەبێت."
لاریجانی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بە هێرشەکانی ئیسرائیل کرد بۆ سەر رێڕەوی رێپێوانەکان و گوتی: "ئەم هێرشانە نیشانەی بێدەسەڵاتین. کەسێک کە بەهێز بێت، رێڕەوی رێپێوان بۆردومان ناکات؛ روونە کە ئەوان تووشی بێهیوایی بوون و هیچیان پێناکرێت."
ئەم لێدوانەی لاریجانی لە کاتێکدایە، ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە بەردەوامییان هەیە و بەرپرسانی تاران جەخت لەسەر بەردەوامیی بەرگری و وەڵامدانەوەی هەر جۆرە هێرشێک دەکەنەوە.
لە بەرەبەیانی رۆژی شەممە 28ـی شوباتەوە، هێرشێکی بەرفراوان و هاوبەشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەستیپێکردووە.
لە بەرامبەردا، هێزە چەکدارەکانی ئێران و بەتایبەت سوپای پاسداران، بە چەندین مووشەک و درۆن هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل و وڵاتانی ناوچەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ