رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری عێراق سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی کرد، کە کراونەتە سەر پێگە گرنگەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق، رایگەیاند، ئەو دۆخە پێویستی بە بەهێزکردنی هاوکاری و هاوئاهەنگیی نێوان هەولێر و بەغدا هەیە.
رۆژی هەینی، 13ی ئاداری 2026، سەرۆکایەتىی سەرۆککۆماری عێراق راگەیێندراوێکی لەبارەی ئەو هێرشانە بڵاوکردەوە، کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان و ناوچە جیاجیاکانی عێراق.
لە راگەیێنراوەکەدا هاتووە: "سەرۆکایەتیی کۆمار سەرکۆنەی ئەو جۆرە دەستدرێژییانە دەکات کە پێگەی گرنگ، دامەزراوەی سڤیل و بارەگای هێزە ئەمنییەکانی لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق کردە ئامانج، بەتایبەت لە هەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانیی هەرێمی کوردستان."
سەرۆکایەتیی کۆماری پێیوایە: "بە ئامانجگرتنی ئەو شوێنە گرنگانە، سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە لاواز دەکات."
لەو 14 رۆژەی جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیلدا، بە زیاتر لە 280 درۆن و مووشەک هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان.
سەرۆکایەتیی کۆمار داوای کردووە کە هەموو لایەک واز لە ئاڵۆزکردنی دۆخەکە بهێنن و پەنا بۆ دیالۆگ و چارەسەری سیاسی ببەن.
لە بەشێکی راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی کۆماردا هاتووە: "لەم دۆخە هەستیارەدا پێویستیی زۆر بە یەکگرتوویی نیشتمانی، بەهێزکردنی هاوکاری و هاوئاهەنگیی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ هەیە بۆ تێپەڕاندنی ئالنگارییەکانی ئێستا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ