رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەکی ئەمنی لە پارێزگای بەسرە رایگەیاند، بە دوو درۆن هێرش کراوەتە سەر کێڵگەی نەوتی مەجنوون.
سەرچاوەیەک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "درۆنێکی نەناسراو، کاژێر 11:00ی شەوی پێنجشەممە ، 12ی ئاداری 2026، لە نێو کێڵگەی نەوتیی مەجنوون و لە نزیک پردی بۆرییەکان کەوتووەتە خوارەوە".
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، درۆنێکی دیکەش لە نزیک هەمان کێڵگە کەوتووەتە خوارەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا، لایەنە ئەمنییەکان هیچ روونکردنەوەیەکی فەرمییان لەبارەی زیانەکان بڵاونەکردووەتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، ئێوارەی رۆژی سێشەممە 10ـی ئاداری 2026، دوو درۆنی دیکە لە نێو کێڵگەی مەجنوون تێکشکێنران.
کێڵگەی مەجنوون یەکێکە لە کێڵگە نەوتییە هەرە گرنگەکانی عێراق، دەکەوێتە سەر سنووری عێراق-ئێران و 60 کیلۆمەتر لە سەنتەری شاری بەسرەوە دوورە.
ناوی کێڵگەکە لەلایەن بیرلێدەرێکی ئیتاڵییەوە نراوە "مەجنوون"، ئەوەش دوای ئەوەی بینیویەتی نەوتەکە بەبێ هەڵکەندن و بە لێشاو لە زەوی دێتە دەرەوە.
لە تشرینی یەکەمی 2025، کۆمپانیای "ئێکسۆن مۆبیل" رێککەوتنێکی لەگەڵ عێراق واژۆ کرد بۆ پەرەپێدانی ئەم کێڵگەیە، ئەوەش وەک هەنگاوێک بۆ گەڕانەوەی کۆمپانیاکە بۆ عێراق دوای دوو ساڵ دابڕان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ