وەزارەتی بازرگانیی عێراق بۆ رووداو: ئەم ساڵ گەنمی زیاتری هەرێمی کوردستان وەردەگرین

13-04-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەڵێت، ئەم ساڵ گەنمی زیاتری هەرێمی کوردستان وەردەگرن و لیژنەیەک بە بەشداریی نوێنەری هەرێمی کوردستان بڕیار لەبارەی بڕەکەی دەدات.
 
حەیدەر نووری گەرعاوی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بازرگانیی دانەوێڵە لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق، رۆژی شەممە 13ی نیسانی 2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تایبەت بە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران، هەموو پارێزگاکانی عێراق دەگرێتەوە بە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانیشەوە، بەڵام بڕی گەنمی وەرگیراوی هەرێمی کوردستان لەلایەن لیژنەیەکەوە بڕیاری لەبارەوە دەدرێت. بۆ نموونە، ئەگەر لیژنەکە بڕیاریدا 600 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەربگرێت، ئەوا گەنمی نێو پلانی کشتوکاڵ و دەرەوەی پلانی کشتوکاڵیش دەبێت؛ ئەوە میکانزمێکە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەکاردێت.
 
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بازرگانیی دانەوێڵەی عێراق گوتیشی، "لیژنەیەک هەیە بە سەرۆکایەتیی وەزیری کشتوکاڵی عێراق، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، ئەندامێتی خۆم، نوێنەری هەرێمی کوردستان لە بەغدا و یەکێک لە بەڕێوەبەری لقەکانمان لە هەرێمی کوردستان لەوە دەکۆڵنەوە کە رووبەری چێندراو بە گەنم لە هەرێمی کوردستان چەندە. دواتر ئەو بڕە گەنمە دیاری دەکەین کە وەردەگیرێت؛ پێشبینی دەکەین بەرهەمی گەنم و بڕی گەنمی وەرگیراوی ئەمساڵی هەرێمی کوردستان زیاتر بێت."
 
رۆژی 11ی نیسانی 2024، وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەستپێکردنی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی لە عێراق راگەیاند و یەکەم شوێنیش لە پارێزگای موسەنناوە دەستیپێکرد.
 
لە کۆبوونەوەی رۆژی 2ی نیسانی 2024دا ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پێشنیازی عەباس مالیکی، وەزیری کشتوکاڵی عێراقی پەسندکرد بەوەی هەموو گەنمی ئەم ساڵ لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵی وەربگرێت، تەنانەت ئەوەی لە دەرەوەی پلانی کشتوکاڵی ئەم وەرزەشدایە.
 
رۆژی 3ی نیسانی 2024 محەممەد خوزاعی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، وەرگرتنی بەرهەمی گەنمی هەرێمی کوردستان سنووردارە، هەروەک چۆن ساڵی رابردوو بە رێککەوتنی هەردوولا 500 هەزار تۆنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگیرا.
 
ئەم ساڵ لە هەرێمی کوردستان نزیکەی دوو ملیۆن و 700 هەزار دۆنم زەوی بە گەنم چێندراوە و چاوەڕوان دەکرێت بەرهەمەکەی ملیۆنێک و 500 هەزار بۆ دوو ملیۆن تۆن گەنم بێت.
 
سەبارەت بە نرخی وەرگرتنی گەنم لە جووتیاران، محەممەد خوزاعی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق گوتی، "گەنم بە یەک نرخ وەردەگیرێت و دوای دەرچوونی لە پشکنین، هەر تۆنێکی بە 850 هەزار دینار لە جووتیاران وەردەگیرێت."
 
رۆژی 3ی نیسانی 2024، رزگار حەمەد خدر، راوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، وەزارەتی کشتوکاڵ ئامادەکارییەکانی بۆ وەرگرتنی بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەستپێکردووە و بڕیارە شاندێکی وەزارەتی کشتوکاڵ سەردانی بەغدا بکات بۆ تاوتوێکردنی بابەتی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان.
 
ساڵی رابردوو وەزارەتی بازرگانیی عێراق نزیکەی 5 ملیۆن و 200 هەزار تۆنی گەنمی لە جووتیاران وەرگرت کە نزیکەی 500 هەزار تۆنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بوو. حکومەتی عێراق ساڵی 2022 زیاتر لە 300 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستانی وەرگرت.
 
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەڵێت، "پێشبینی دەکەین بەرهەمی ئەم ساڵی گەنمی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە بگاتە زیاتر لە 6 ملیۆن تۆن، ئەوەش لە پێداویستی نێوخۆ زیاترە، واتە ژمارەی پێوانەیی لە مێژووی عێراقدا تۆمار دەکەین."
 
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق گوتی، "لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزارەتی بازرگانی گفتوگۆ کراوە کە جووتیاران دوای رادەستکردنی گەنمەکانیان لە نزیکترین کاتدا شایستە داراییەکانیان وەربگرن."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە