رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی عێراق رایگەیاند، بە تووندترین شێوە، سەرکۆنەی ئەو دەستدرێژییە سەربازییە دەکات کە لەلایەن "قەوارەی زایۆنییەوە" کراوەتە سەر خاکی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، هێرشەکانی ئیسرائیل، پێشێلکارییەکی زەقی بنەما سەرەکییەکانی یاسای نێودەوڵەتی و پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانە، هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و ئاشتیی نێودەوڵەتی دروست دەکات، بەتایبەتی کە لە کاتی دانوستاندنەکانی نێوان ئەمریکا و ئێراندا کراوە.
لە راگەیێندراوەکەی گوتەبێژی حکومەتی عێراقدا هاتووە، "پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ئاستی ئەم پێشێلکارییە ئاشکرایەی یاسای نێودەوڵەتیدا وەک بینەر نەمێنێتەوە، چونکە پەنابردن بۆ لۆژیکی هێز بۆ سەپاندنی ئەمری واقیع جارێکی دیکە، هەڕەشەی لەناوبردنی بنەماکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییە هاوچەرخەکان دەکات."
حکومەتی عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەیاننامەکانی سەرکۆنەکردن چیدیکە بەس نین، بەڵکو پێویستە هەڵوێستی نێودەوڵەتی وەربگێڕدرێتە سەر هەنگاوی رێگریکارانە و کرداری.
حکومەتی عێراق داوا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکات بەپەلە کۆببێتەوە و رێکاری یەکلاکەرەوە و بەرجەستە بگرێتەبەر بۆ رێگریکردن لەم دەستدرێژییە، دڵنیابوونەوە لە دووبارەنەبوونەوەی و گەڕاندنەوەی شکۆی سیستمی یاسایی نێودەوڵەتی.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەگەریش دەرکەوت کە میکانیزمە کارپێکراوەکان لە جێبەجێکردنی ئەم رۆڵەدا بێتوانان، ئەوا پێویستە لەسەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەست بە گفتوگۆیەکی جیدی بکات سەبارەت بە دۆزینەوەی چوارچێوەی جێگرەوە کە لێپرسینەوە مسۆگەر بکات و دادپەروەری بسەپێنێت و ئاشتیی جیهانی بپارێزێت.
بەپێی راگەیێندراوەکەی باسم عەوادی، حکومەتی عێراق پابەندبوونی نەگۆڕی خۆی دووپات دەکاتەوە بە بنەماکانی سەروەری، بەکارنەهێنانی هێز و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بە ئاشتییانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ