رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری عێراق رایگەیاند، هیچ دامەزراوەیەکی ئایینی بە دامەزراوەی دەوڵەت دانانرێت. دەشڵێت، هەڵوەشاندنەوەی مەرسومی کۆماریی ژمارە (147) کە تایبەت بووە بە پێدانی پلەی پاتریارکی بە کاردیناڵ لویس رافایل ساکۆ، بۆ "راستکردنەوەی دەستوور" بووە.
رۆژی پێنجشەممە 13-07-2023 نووسینگەی سەرۆککۆماری عێراق، روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "بەشێک لە میدیاکان هەواڵێکیان بڵاوکردووەتەوە لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی مەرسومی کۆماریی ژمارە (147)ی ساڵی 2013 بۆ کەسایەتییەکی ئایینی دیاریکراو، لێرەدا ئاماژە بەوە دەکەین، پێشتر دوو مەرسومی کۆماریی بۆ دوو کەسایەتی ئایینی دەرکراون، ئەوانیش هەروەها نوێ نەکرانەوە، چونکە هیچ بنەمایەکی دەستوورییان نەبووە، وەک چۆن هیچ مەرسومێکی کۆماریی نییە بۆ دامەزراندنی، چونکە مەرسومی کۆماری تەنیا بۆ فەرمانبەران لە دامەزراوە و سەرۆکایەتی و وەزارەتەکان و ئۆرگانە حکومییەکان دەردەچێت."
نووسینگەی سەرۆککۆماری عێراق راشیگەیاندووە، هیچ دامەزراوەیەکی ئایینی بە دامەزراوەی دەوڵەت دانانرێت، ئەو کەسایەتی ئایینیەش فەرمانبەری دەوڵەت نییە بۆ ئەوەی مەرسومێکی دامەزراندنی بۆ دەربکرێت.
نووسینگەی سەرۆککۆماری عێراق جەختلەوە دەکاتەوە، کە "هەڵوەشاندنەوەی مەرسومی کۆماریی ژمارە (147) بۆ راستکردنەوەی دۆخێکی دەستوری بووە"
لە ژمارەی (4727)ـی رۆژنامەی وەقائیعی عێراق، کە لە 03-07-2023، مەرسومی ژمارە (31)ی سەرۆکایەتیی کۆمار لەبارەی بڕیاری کشانەوەی مەرسومی ژمارە (147)ـی ساڵی 2013 بڵاوکردەوە، کە بەپێی مەرسوومەکەی پێشوو، پلەی پاتریارکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان، بە کاردیناڵ لویس رافایل ساکۆ درابوو.
نووسینگەی سەرۆککۆماری عێراق دەڵێت: "کشاندنەوەی مەرسومی سەرۆکایەتی زیان بە پێگەی ئایینی یان یاسایی کاردینال لویس ساکۆ ناگەیێنێت، چونکە لەلایەن قەداسەتی پاپا فرەنسیس و کەنیسەی کاسۆلیکییەوە پلەی پاتریارکی کەنیسەی کلدانی عێراق و جیهانی پێدراوە".
ئەمڕۆ پێنجشەممە، پارتە کریستیانەکان لە عەنکاوە لە دژی ئەو مەرسوومەی سەرۆکایەتیی کۆمار، گردبوونەوەیەکی ناڕەزاییان رێکخست و راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە: "دژایەتی خۆمان بۆ هەنگاوێک رادەگەیێنین کە دەستدرێژییە بۆ یەکێک لە هێما ئاینیەکانمان، ئەویش باوکی بەڕێزمان، کاردینال مار لویس ساکۆس، سەرۆکی کەنیسەی کلدانی لە جیهان و عێراق، ئەمەش لە چوارچێوەی دەرکردنی مەرسوومێک کە دوای 10 ساڵ ئەو مەرسوومەتان هەڵوەشاندەوە".
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە "ئەمە سوکایەتی و دەستدرێژییە بۆ سەر یەکێک لە گەورەترین کەنیسەکانی عێراق و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، داخێکی گەورەیە و کاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر کۆمەڵگەی کریستیان".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ