سبەی پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر سەرۆکی دوو ئەنجوومەن دەدات

13-07-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سبەی پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و دەنگ لەسەر دەستنیشانکردنی سەرۆک و ئەندامانی ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵی و سەرۆکی ئەنجوومەنی دەوڵەت دەدات؛ پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکە چاوەڕێی سەرووی خۆمان دەکەین".

دانیشتنەکە کاژێر 01:00ی دوای نیوەڕۆی دووشەممە دەستپێدەکات، بەگوێرەی بەرنامەی کار، دەنگ لەسەر سەرۆک و ئەندامانی ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵی و سەرۆکی ئەنجوومەنی دەوڵەت دەدرێت، هەروەها دەنگ لەسەر پێشنیازەیاسای هەموارکردنی یەکەمی یاسای بنەماکانی یەکسانکردنی بڕوانامە و پلە زانستییە عەرەبی و بیانییەکان ژمارە (20)ی ساڵی 2020 و پڕۆژەیاسای پەسندکردنی رێککەوتنی هاندان و پاراستنی دوولایەنەی وەبەرهێنان لەنێوان عێراق و سعودیە دەدرێت.
 
ئەنجوومەنی راژەی گشتیی فیدراڵی چییە؟
 
ئەنجوومەنی راژەی گشتیی فیدراڵی (بە عەرەبی: مجلس الخدمة الاتحادي) دەستەیەکی دەستووریی سەربەخۆیە لە عێراق کە ئەرکی سەرەکیی بریتییە لە رێکخستنی کاروباری دامەزراندن و بەڕێوەبردنی سەرچاوە مرۆییەکان لە کەرتی گشتی (فەرمانگە و وەزارەتەکانی حکومەتی فیدراڵی).
 
ئامانجی سەرەکیی ئەوەیە کە پرۆسەی دامەزراندن لەسەر بنەمای شایستەیی، پسپۆڕی و، دادپەروەری بێت، نەک لەسەر بنەمای سیاسی، حیزبی، یان کەسی (واستە).
 
دامەزراندنی ئەم ئەنجوومەنە لە مادەی 107ـی دەستووری هەمیشەیی عێراقی ساڵی 2005دا هاتووە. دواتر، یاسای ژمارە 4ـی ساڵی 2009 وردەکاریی کار و دەسەڵاتەکانی ئەم ئەنجوومەنەی دیاری کرد.
 
ئەنجوومەنەکە چەندین ئەرکی گرنگی هەیە، لەوانە راگەیاندنی ناوەندی بۆ دامەزراندن: هەموو پلە وەزیفییە بەتاڵەکان لە وەزارەتەکان کۆدەکاتەوە و بە شێوەیەکی ناوەندی رایاندەگەیێنێت.
 
بەڕێوەبردنی پرۆسەی پێشکەشکردن: لە رێگەی فۆڕمی ئەلیکترۆنییەوە داواکارییەکان وەردەگرێت.
 
دانانی پێوەر بۆ هەڵسەنگاندن: پێوەری تایبەت دادەنێت بۆ هەڵسەنگاندنی داواکاران، کە زۆرجار پشت بە بڕوانامە، خاڵی نۆبەرەیی (نقاط المفاضلة)، و تاقیکردنەوەی ئەلیکترۆنی دەبەستێت.
 
دەرکردنی لیستی ناوی دامەزراوان: دوای تەواوبوونی پرۆسەی هەڵسەنگاندن، لیستی کۆتایی ناوی پاڵێوراوە سەرکەوتووەکان بۆ دامەزراندن بڵاودەکاتەوە و بۆ وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی دەنێرێت.
 
سەرپەرشتیکردنی کاروباری فەرمانبەران: رۆڵی هەیە لە پێشنیازکردنی یاسا و رێنمایی بۆ پلە بەرزکردنەوە، گواستنەوە و، خانەنشینکردنی فەرمانبەران.
 
لە دانیشتنی دوێنێ شەممەدا، فراکسیۆنی پارتی بەشداری کۆبوونەوەکەی نەکرد، شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی ئەمڕۆ یەکشەممە، 13ـی تەممووزی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تائێستا بڕیار نەدراوە بەشداری کۆبوونەوەکە دەکەین یاخود نا، چاوەڕێی سەرووی خۆمان دەکەین". 
 
لە دانیشتنەکەی رۆژی دووشەممەدا، خوێندنەوەی دووەم بۆ چوار پڕۆژەیاسا دەکرێت کە بریتین لە: پێشنیازەیاسای هەموارکردنی یەکەمی یاسای وەزارەتی پەروەردە ژمارە (22)ی ساڵی 2011، پێشنیازەیاسای پاراستن و باشترکردنی ژینگە، پڕۆژەیاسای بەئەندامبوونی عێراق لە رێککەوتنی واژۆکراوی 28ی تەممووزی 1994 سەبارەت بە جێبەجێکردنی بەشی یازدەیەمی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یاسای دەریاکان، هەروەها پێشنیازی هەموارکردنی یاسای پەرلەمان و پێکهاتەکانی ژمارە (13)ی ساڵی 2018. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە