رووداو دیجیتاڵ
دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق ئەو دوو سکاڵایەى بۆ هەفتەی داهاتوو دواخست کە لەبارەى هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمانى کوردستان پێشکێشى کرابوون. بەگوێرەى یەکێک لە سکاڵاکاران، گوێ لە گوتەى پارێزەرى هەردوولا گیراوە و دادگە سکاڵاکانى یەکخستووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 13ـی تەممووزى 2025، دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق یەکەم دانیشتنى لەبارەى دوو سکاڵای تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەى ئەم خولەى پەرلەمانى کوردستان ئەنجامدا.
بەگوێرەى خشتەى دادگەکە، ئەو دانیشتنە بۆ 21ـى تەممووز دواخراوە بە مەبەستى بڕیاردان لەبارەی دوو سکاڵاکەوە.
سکاڵایەکیان لەلایەن عومەر گوڵپى، بەربژێرى دەرچووی پەرلەمانى کوردستان لە کۆمەڵى دادگەریى کوردستان تۆمار کراوە و تێیدا داواى بەپووچەڵ زانینى یەکەم کۆبوونەوەى پەرلەمانى کوردستانى کردووە، بەو پێیەى وەکو لە سکاڵاکەدا هاتووە، سەرۆکى کاتیى پەرلەمان بەگوێرەى پەیڕەوى نێوخۆ ئەرکەکەى بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکى پەرلەمان تەواو نەکردووە، 45 رۆژ لەدواى پەسندکردنى ئەنجامى هەڵبژاردن، کۆبوونەوەکە نەکراوە.
سکاڵاکەى دیکە لەلایەن سروە عەبدولواحید، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى نەوەى نوێ؛ کاوە عەبدولقادر، کوردەوان جەمال، ئەندامانى پەرلەمانى کوردستان لە هەمان فراکسیۆن پێشکێش کراوە بۆ هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمانی کوردستان.
یەکشەممە، 13ـى تەممووز، عومەر گوڵپى بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "دادگە گوێى لە گوتەى پارێزەرانى هەردوولا گرت و بڕیاردانى خستە دانیشتنى داهاتوو."
سکاڵاکان لە دژى سەرۆکى هەرێمى کوردستان و پەرلەمان تۆمار کراون، وەکو دوو لایەنى پەیوەندیدار بەو پرسە.
یەکەم کۆبوونەوەى پەرلەمانى کوردستان لە 2ـى کانوونى یەکەمى 2024 کرا. بەگوێرەى بڕگەى 4ـى مادەى 10ـى یاسای سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان، ئەگەر لە 45 رۆژ لە بانگهێشتکردنى بۆ کۆبوونەوەى خولى نوێى پەرلەمان، رێژەى یاسایى ئامادەبوونى کۆبوونەوەکە بەدی نەهات، سەرۆکى هەرێمى کوردستان پەرلەمان هەڵدەوەشێنێتەوە.
عومەر گوڵپى گوتى: "دادگە سکاڵا و وەڵامنامەى لایەنى بەرامبەرى لەبەردەستە و بە پێویستى نەزانیوە جارێکى دیکە نوێنەرانیان بانگ بکات بۆ دانیشتنى دادگە، بۆیە بڕیارى لەبارەوە دەدات، هەروەها دادگە هەردوو سکاڵاکەى یەکخستووە."
20ـی تشرینى یەکەمى 2024، هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان بەڕێوەچوو، 30ـى هەمان مانگ ئەنجامى کۆتایی ئەو هەڵبژاردنە لەلایەن کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانەوە راگەیێندرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ