لیژنەى مادەى 140 یەکەم کۆبوونەوەى بە ئامادەبوونی هادی عامری کرد

13-08-2023
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لیژنەى مادەى 140ى پەرلەمانى عێراق یەکەم کۆوبونەوەى بە ئامادەبوونى هادى عامرى، سەرۆکى لیژنەى باڵاى جێبەجێکردنى مادەکە لە حکومەت ئەنجامدا. بەشداربوویەکى کۆبوونەوەکە رایگەیاند، دوو داواکارى لەبارەى هەرێمى کوردستان و ناوچە جێناکۆکەکان پێشکێش کراوە.
 
13ى ئابى 2023، لیژنەى مادەى 140ى پەرلەمانى عێراق یەکەم کۆبوونەوەى ئەنجامدا کە تێیدا هادى عامرى، سەرۆکى لێژنەى باڵاى جێبەجێکردنى مادەکە ئامادە بوو.
 
دیلان غەفوور، ئەندامى لیژنەى مادەى 140ى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "ئەوە یەکەم کۆبوونەوەى لیژنەکە بوو لەدواى دروستکردنى و تێیدا هادى عامرى باسی لەوەکرد کە لیژنەکەیان کار لەسەر دوو لایەنى سەرەکى دەکات کە خەرجکردنى قەرەبووى مادەى 140 و چارەسەرى گرێبەستە کشتوکاڵییەکانە لە ناوچە جێناکۆکەکان. 
 
دیلان غەفوور ئاماژەى بەوەشدا، سەرۆکى لیژنەى جێبەجێکردنى مادەى 140 ئاشکرایکردووە کە 439 هەزار مامەڵەى وەرگرتنى قەرەبووکردنەوە ماون پارە وەربگرن و ئەو قەرەبوو کردنەوانە هاووڵاتییانى پارێزاگاکانى میسان و بەسرە و زیقار-یش دەگرێتەوە. گوتیشى:"پێشنیازمان کرد بەهەمان شێوەى ئەو سێ پارێزگایەى ناوەڕاست و باشوورى عێراق، قەرەبووکردنەوە هەرێمى کوردستانیش بگرێتەوە، هادى عامرى پێى گوتین کە مافى خۆتانە و داواکارى لەوبارەیەوە پێشکێش بکەن".
 
لە یاساى بوجەى گشتیی عێراق، 100 ملیار دینار بۆ قەرەبووکردنەوە تەرخانکراوە، کە قۆناخى یەکەمى جێبەجێکردنى ئەو مادەیەیە، بەر لە سەرژمێریکردن و راپرسى لەسەر چارەنووسى ناوچە جێناکۆکەکان.
 
دیلان غەفوور رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا هادى عامرى ئاماژەی بەوەداوە کە ئەو بڕە پارەیەى بۆ جێبەجێکردنى مادەکە تەرخانکراوە کەمترە و جێبەجێکردنى چەندین ساڵى دەوێت و گوتیشى: "پێشنیازمانکرد خەرجکردنى ئەو بودجەیە بەگوێرەى رێژە بێت بۆ ناوچە جێناکۆکەکان، چونکە لە یاساى بودجەى 2021  بڕى 50 ملیار دینار تەرخانکراوە بۆ قەرەبووکردنەوەى، بەڵام کەرکووک هیچى لەو بڕە پارەیە بۆ خەرج نەکراوە." 
 
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە