رووداو دیجیتاڵ
پارتی سەروەری (سیادە) کە یەکێکە لە پارتەکانی عەرەبی سوننە، رەتیدەکاتەوە خەمیس خەنجەر، سەرۆکی پارتەکەیان خرابێتە لیستی سزاکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە.
فەرمانگەی میدیایی حیزبی "سیادە،" رۆژی سێشەممە 13-08-2024 لە راگەیێندراوێک ئاماژەی بەوە کرد، هەندێک لایەن کە "خێری عێراق و خەڵکەکە و سەقامگیرییەکەیان ناوێ،" هەڵمەتێکی پڕوپاگەندەیان دەستپێکردووە، بەوەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەر خەمیس خەنجەر، سەرۆکی پارتەکەیان سەپاندووە.
فەرمانگەکە لەگەڵ رەتکردنەوەی دەنگۆکان نووسیویەتی، "ئەو بەڵگەنامانەی لەلایەن هەندێکەوە بڵاوکراونەتەوە، دەستکاریی مێژووەکەیان کراوە، بۆ ئەوەی وای پێشان بدەن نوێیە."
پارتی سەروەری پێیوایە ئەو هەڵمەتە پاڵنەری هەیە و "بە ئامانجکردنی پارتەکە و پرەنسیپەکانیەتی" کە وەکو خۆیان دەڵێن، بۆ یەکێتی و سەروەریی عێراق هەوڵ دەدەن.
خەمیس خەنجەر سەرەتا وەکو ملیۆنێرێک و بازرگانێک ناوی دەرکرد، دواتر لەلایەن بەشێکی زۆر لە سەرکردەکانی سوننەوە پاڵپشتیی کرا و بووە سەرۆکی هاوپەیمانیی سەروەری.
لە ساڵی 2019 وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ناوی خەمیس خەنجەری خستە نێو لیستی سزاکانییەوە.
پارتەکە نووسیویانە کە ئەو دەنگۆیانە "ساردیان ناکاتەوە لە بەردەوامبوون لەسەر رێگەی بنیادنان، پەرەپێدان و پشتوانیکردنی حکومەتیی عێراق لە بوارەکانی ئاوەدانکردنەوە، چاکسازی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ