لە بەسرە پاسێکی زیارەتکارانی ئێرانی وەرگەڕا؛ 8 کەس گیانیان لەدەستدا و 40ی دیکە بریندارن

13-08-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پاسێکی زیارەتکارانی ئێرانی لە پارێزگای بەسرە وەرگەڕا و بەهۆیەوە لانیکەم 8 کەس گیانیان لەدەستداوە و 40ی دیکە بریندار بوون.
 
عەلی فرێجی، سەرۆکی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە، ئەمڕۆ چوارشەممە 13ی ئابی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پاسێکی زیارەتکارانی ئێرانی لەنێوان ناوچەی رومێلە و بازگەی سدرە وەگەڕاوە، هۆکاری رووداوەکەش بۆ تەقینی یەکێک لە تایەکانی پاسەکە و لەدەستدانی کۆنترۆڵ دەگەڕێتەوە.
 
عەلی فرێجی، ئاماژەی بەوەش کرد، پاسەکە سەرنشینی زۆری تێدابووە و بەهۆیەوە، جگە لە گیانلەدەستدانی 8 کەس، نزیکەی 40 کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
بریندارەکان رەوانەی نەخۆشخانە کراون و تەرمەکانیش گەیێندراونەتە دادپزیشکی.
 
پاشنیوەڕۆی دوێنێش لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە رێگەی عەفەک لە پارێزگای دیوانییە، 8 کەس گیانیان لەدەستدا. دوو لەو کەسانەی گیانیان لەدەستدا کوڕی کەریم محەممەداوی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراقن.
 
 
محەممەد غانمی، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیوانییە، رۆژی سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "رووداوەکە لەنێوان ئۆتۆمبێلێکی جۆری لێکزس و پاسێکدا روویدا."
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگاکە لەبارەی رووداوەکە گوتی، "بەگوێرەی زانیارییەکان، ئۆتۆمبێلە لێکسسەکە کە کوڕەکانی پەرلەمانتارەکەی تێدابووە، بەهۆی تەقینی یەکێک لە تایەکانییەوە کۆنترۆڵی لەدەستداوە و پەڕیوەتەوە سایدی بەرامبەر و خۆی کێشاوە بە پاسەکەدا."
 
بە گوتەی محەممەد غانمی، لە ئەنجامی پێکدادانەکەدا هەرسێ سەرنشینی ئۆتۆمبێلە لێکسسەکە، کە دووانیان کوڕەکانی کەریم محەممەداوین، لەگەڵ پێنج سەرنشینی پاسەکە گیانیان لەدەستداوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە