رووداو دیجیتاڵ
دەستەی دەستپاکیی عێراق ئاشکرای دەکات، زیاتر لە سێ ملیۆن و 400 هەزار لیتر نەوت بەشێوەیەکی نایاسایی بەسەر سەمونخانە و نانەواخانەکانی نەینەوا دابەشکراون و زیاتر لە 280یان هەر بوونیان نییە، کەچی سووتەمەنییان بە نرخی پاڵپشتی وەرگرتووە.
ساڵح جبووری، قایمقامی موسڵ (ناوەندی پارێزگای نەینەوا) رۆژی چوارشەممە، 13ـی ئەیلوولی 2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەشێک لەو سەمونخانە و نانەواخانانەی موسڵ و قەزا و ناحیەکانی نەینەوا کە سەردانیان کردوون، دەرکەوتووە بەشێکی زۆریان کارناکەن و داخراون، بۆیە نووسراومان بۆ وەزارەتی نەوت کردووە تاوەکو رێکاریان بەرامبەر بگیرێتەبەر و سزا بدرێن. وەزارەتی نەوت-یش رێکاری بەرامبەریان گرتووەبەر، سزای دارایی بەسەریاندا سەپاندووە".
قایمقامی موسڵ دەڵێت، "زۆرینەی ئەو سەمونخانە و نانەواخانانەی کە سزادراون، سکاڵایان پێشکێشکردووە، پاساوی جۆرارجۆیان هێناوەتەوە بەوەی لەکاتی سەردانکردنیان شوێنەکانیان داخراون، لەوانە هەندێک دەڵێت کاری دیکەیان هەبووە، هەندێکی دیکە دەڵێن نەخۆشیان هەبووە".
دەستەی دەستپاکیی عێراق رۆژی 12ـی ئەیلوولی 2023، لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا لە نەینەوا، 933 سەمونخانە و نانەواخانە 3,408,000 لیتر نەوتیان بەشێوەیەکی نایاسایی پێدراوە و دەڵێت، "284 سەمونخانە نەوتیان پێدراوە و وەهمی بوون".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ