رووداو دیجیتاڵ
عێراق و ئێران یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی هاوبەشیان تایبەت بە هاوئاهەنگیی لە بواری رووبەڕووبوونەوەی مادە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە دەروونییەکان واژۆ کرد.
د. سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق بە رووداوی راگەیاند، یاداشتەکە رۆژی هەینی واژۆ کراوە و "پێکهاتووە لە میکانیزمی چاودێریکردنی دەروازە سنوورییەکان، ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش و هاوئاهەنگی لە بوارەکانی خۆپارێزی، چارەسەر و شیاندنەوە."
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق گوتی، "واژۆکردنی ئەم یاداشتە لە چوارچێوەی پابەندییە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکانی عێراقە لە بواری رووبەڕووبوونەوەی مادە هۆشبەرەکان و رەنگدانەوەی هەوڵەکانی وەزارەتەکەیشمانە بۆ پاراستنی کۆمەڵگە لە مەترسییە تەندروستی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەو مادانە."
یاداشتەکە بە ئامادەبوونی فەریق ئەحمەد ساڵح، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری مادە هۆشبەرەکان؛ زەید عەلی عەباس، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پزیشکیی دادوەری وەک نوێنەری وەزارەتی تەندروستیی عێراق، هەروەها بە ئامادەبوونی حوسێن زولفەقاری، جێگری سەرۆککۆماری ئێران و ئەمینداری گشتیی دەستەی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان واژۆ کرا.
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ساڵی رابردوو شەش تۆن و 183 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیراوە و 14 هەزار و 438 کەسیش بە تۆمەتی تێوەگلانیان لە تاوانی مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ