سبەی تیروپشک بۆ کارمەندانی بنکەکانی دەنگدان دەکرێت

13-09-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سبەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق تیروپشک بۆ کارمەندانی بنکەکانی دەنگدان دەکات و بڕیارە 250 هەزار کەس وەربگیرێن.
 
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە 13ی ئەیلوولی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کاژێر 12ی پێشنیوەڕۆی سبەی یەکشەممە 14ی ئەیلوولی 2025 لە نووسینگەی نیشتمانیی کۆمیسیۆن لە شاری بەغدا تیروپشک بۆ کارمەندانی بنکەکانی دەنگدان دەکرێت.
 
زیاتر لە 900 هەزار کەس داواکارییان پێشکێشکردووە بۆ ئەوەی وەک کارمەندی دەنگدان وەربگیرێن و لەو ژمارەیە 250 هەزاریان وەردەگیرێن.
 
ئەنجوومەنی کۆمیسیاران وردەکاریی پارەی کارمەندانی دەنگدانی دیاریکردووە کە لە 150 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات تاوەکو 400 هەزار دینار.
 
بە گوێرەی بڕیاری ئەنجوومەنی کۆمیسیاران، ئەگەر ئەو کارمەندەی دەنگدان وەردەگیرێ فەرمانبەری حکومەت بێت و هاوئاهەنگیکارى ناوەندی دەنگدان بێت، 300 هەزار دینار وەردەگرێ، ئەگەر بەڕێوەبەری وێستگەی دەنگدان بێت 200 هەزار دیناری پێدەدرێ و ئەگەر فەرمانبەری ناوەند یان وێستگەی دەنگدانیش بێت 150 هەزار دینار وەردەگرێت.
 
ئەگەر کارمەندی دەنگدان قوتابی یان دەرچووی زانکۆ بێ و کاری هاوئاهەنگیکارى ناوەندی دەنگدان بێ، 400 هەزار دینار وەردەگرێ، ئەگەر بەڕێوەبەری ناوەند بێ 300 هەزار و ئەگەر کارمەندی ناوەند یان وێستگەی دەنگدان بێ 250 هەزار دینار وەردەگرێت.
 
ئەو کارمەندانەش کە وەک یەدەگ وەردەگیرێن و رێژەکەیان 5%ی تێکڕای ئەو کارمەندانەیە لە تیروپشکەکەدا وەردەگیرێن، ئەگەر فەرمانبەری حکومەت بن 50 هەزار دینار و ئەگەر قوتابی یان دەرچووی زانکۆ بن 100 هەزار دینار وەردەگرن.
 
زیاتر لە 21 ملیۆن و 700 هەزار کەس لە باشووری کوردستان و عێراق ناویان تۆمارکراوە و مافی دەنگدانیان هەیە.
 
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11-11-2025 بەڕێوەبچێ. پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکدێت کە 320ـیان گشتین و 9 کورسیشیان کۆتان.
 
بە گوێرەی بڕیاری کۆمیسیۆن، کارمەندی دەنگدان تەنیا پاداشتی دارایی بۆ یەکێک لەو دوو رۆژەی هەڵبژاردن وەردەگرێ، بەڵام ئەگەر پێویست بوو کارمەندێک لە هەردوو رۆژی هەڵبژاردن کاربکات، 100 هەزار دیناری دیکەی دەدرێتێ.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە