رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی دەستەی حەج و عومرەی عێراق دەڵێت، لە دەروازەی سنووریی عەرعەر لە پارێزگای ئەنبار دەست بەسەر مادەی هۆشبەر و کحوولدا گیراوە، بۆیە سعودیە رێکارەکانی پشکنینی تووندتر کردووە.
شێخ دلێر بەرزنجی، جێگری بەڕێوەبەری دەستەی حەج و عومرەی کەرکووک کە دوێنێ لە سعودیەوە گەڕاوەتەوە، ئەمڕۆ شەممە 13ی ئەیلوولی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەکاتی پشکنینەکاندا لە دەروازەی سنووریی عەرعەر، لایەنی سعودی دەڵێت، دەستی بەسەر مادەی هۆشبەر و کحوولدا گرتووە، بۆیە رێکارەکانی پشکنینی تووندتر کردووە.
جێگری بەڕێوەبەری دەستەی حەج و عومرەی کەرکووک ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمە یەکەمجار نییە دەست بەسەر مادەی هۆشبەر و کحوولدا دەگیرێت، زۆربەی ئەو کەسانەی ئەو کارە دەکەن شۆفێری پاسەکانن.
میدیای سعودیە بڵاویکردووەتەوە، رێکارەکانی پشکنین لە دەروازەی سنووریی عەرعەر لەگەڵ عێراق تووند کراون، دوای ئەوەی هەوڵ دراوە مادەی قەدەخەکراو وەکو هۆشبەر و خواردنەوەی کحوولی ببرێتە سعودیە، بەڵام دەستیان بەسەردا گیراوە.
هاوکات دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق روونکردنەوەیەکی لەبارەی هۆکاری دواکەوتنی ژمارەیەک پاسی عومرەکار لەلایەن سعودییەوە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، سزای تووند بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگرنەبەر.
بەگوێرەی روونکردنەوەکە، هۆکاری یەکەم ئەوەیە کە هەندێک لە خاوەن کۆمپانیاکانی عومرە و گواستنەوە، سەرەڕای هۆشدارییە بەردەوامەکان، بە ئەنقەست یاساکانیان پێشێل کردووە و هەندێک شتی قەدەخەکراویان هەڵگرتووە بۆئەوەی بیبەنە نێو سعودیە.
وەک لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، دەسەڵاتدارانی سعودیە لە عەرعەر رێوشوێنی تووندیان بۆ پشکنینی پاسەکان گرتووەتەبەر، ئەوەش بووەتە هۆی دروستبوونی قەرەباڵخی و دواکەوتنی ژمارەیەک عومرەکار لە دەروازەکە.
دەستەکە باس لەوە دەکات، رێوشوێنی سزایی دەگرنەبەر، لەوانەش هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی ئەو کۆمپانیا و نووسینگانەی عومرە و گواستنەوە کە هەوڵی پێشێلکردنی یاسا و رێساکانی عێراق و سعودیە دەدەن یان هەوڵی بردنە ژوورەوەی مادەی قەدەخەکراو دەدەن.
کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ شەممە، 13ی ئەیلوولی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "نیوەشەوی رابردوو تاوەکو بەرەبەیانی ئەمڕۆ قەرەباڵخییەک لە دیوی سعودیەوە دروستبوو؛ لە دیوی عێراقەوە هیچ کێشەیەک نەبوو. بەو هۆیەوە نزیکەی 50 پاسی عومرەکاران بۆ ماوەیەک راگیران."
گوتەبێژی حەج و عومرە گوتی، "دەستەی حەجی عێراقی ئاگاداری کردینەوە کە هۆکارەکە هەبوونی مادەی رێگەپێنەدراوە بۆ سعودیە لەنێو یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکان. بە گوێرەی زانیاری ئێمە، ئۆتۆمبێلی عێراق بووە نەوەک هەرێمی کوردستان."
کاروان ستوونی دەڵێت، "نزیک کاژێر 07:00ـی ئەمڕۆ هەموو عومرەکارەکان دەروازەکەیان بەرەو سعودیە جێهێشت، ئەویش دوای راگیرانیان بۆ نزیکەی 18 کاژێر."
گوتەبێژی حەج و عومرە ئاماژەی بەوە کرد، "دڵنیایی دەدەینە ئەوانەی لە رێگەدان یان دەیانەوێ بۆ مەبەستی عومرە بچنە سعودیە، هیچ کێشەیەک نییە و تەنیا بەهۆی پشکنینەوە دەربازبوون خاوبووەتەوە، ئەگەرنا هەموو گەشتەکان دەکرێن."
ستوونی گوتی، "خاوبوونەوەی بەڕێکردنی عومرەکاران بە جۆرێکە، دوێنێ لە چوار کاژێردا تەنیا 10 پاس بەڕێکراون."
گوتەبێژی حەج و عومرە ئاماژەی بەوەشکرد، هاوئاهەنگی تەواویان لەگەڵ دەستەی حەج و عومرەی عێراق هەیە و لەسەرهێڵن بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ئاستەنگییەکان.
جگە لە گەشتە وشکانییەکان، گەشتە ئاسمانییەکانی عومرە بەردەوامن و گرفتیان بۆ دروست نەبووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ