وەزارەتی دادی عێراق بۆ رووداو: 550 زیندانیی خەڵکی وڵاتانی دیکە لە زیندانەکانماندان

13-09-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ  

وەزارەتی دادی عێراق دەڵێ، 550 زیندانیی خەڵکی وڵاتانی دیکە لە زیندانەکانی وەزارەتەکەیدان.
 
ئەحمەد لعێبی، گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق، ئەمڕۆ شەممە، 13-9-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، نزیکەی 550 زیندانیی خەڵکی وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی و وڵاتانی دیکە لە زیندانەکانی وەزارەتی دادی عێراقدان. 
 
یاسای لێبووردنی گشتی لەگەڵ هەمواری یاسای باری کەسی و یاسای گەڕاندنەوەی موڵک بۆ خاوەنەکانیان، بە یەک پاکێج لە 21-1-2025 لە پەرلەمانی عێراق پەسەندکران. گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، لێبووردنەکە زیندانییانی نێوخۆ دەگرێتەوە، نەوەک زیندانییانی خەڵکی وڵاتانی دیکە. 
 
زیاتر لە 68 هەزار سزادراو لە گرتووخانەکانی عێراقن کە بە تاوانی وەک کوشتن، دزی، تیرۆر، ساختەکاری، گەندەڵی، بەکارهێنان و بازرگانی بە مادەی هۆشبەرەوە سزادراون.
 
2ـی ئەم مانگە، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایگەیاند، 33 هەزار و 536 زیندانی بە لێبووردنی گشتی ئازادکراون. گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق گوتی: "ئەو ئامارەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری زیندانیی هەموو زیندانەکان دەگرێتەوە، نەوەک تەنیا زیندانییانی سەر بە وەزارەتی داد، چونکە لەوانەی سەر بە وەزارەتی ئێمە، تەنیا 8 هەزار و 665 زیندانی ئازادکراون." 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە