رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوێکی بواری ژینگە لە عێراق، زەنگی مەترسی لێدەدات و دەڵێت، لە ماوەی تەنیا دوو ساڵدا ملیۆنێک دار لەنێوچوون. ئاماژە بەوەش دەکات: "رووبەرە سەوزاییەکان کە وەک سییەکانی شارەکانن، تینوێتی و پیسبوون شەکەتی کردوون و فەوتاون."
ئەمڕۆ شەممە، روانگەی سەوزی عێراق رایگەیاند، "بەهۆی قەیرانی وشکەساڵی کە زۆربەی پارێزگاکان پێوەی دەناڵێنن، عێراق لە دوو ساڵی رابردوودا ملیۆنێک داری لەدەستداوە. وشکەساڵی و تینوێتی، بوونەتە هۆی وشکبوون و شکانی ئەو دارانە و پاشان وشکبوونیان دوای تووشبوونیان بە نەخۆشییەکانی دار وەک مۆرانە."
"بۆ برژاندنی ماسی، دار وشک دەکرێت و دەبڕدرێتەوە"
روانگەی سەوز ئاماژەی بەوەدا "هۆکارێکی دیکە بڕینی ئاوە لە هەندێک باخچە، بۆ ئامادەکاری بۆ بڕینی دارەکان و فرۆشتنیان بە دووکانەکانی برژاندنی ماسی. ئەم جۆرە حاڵەتە لە پارێزگاکانی نەینەوا و کووت دووبارە بوونەتەوە و، زۆربەی ئەم حاڵەتانە لە پارێزگای دیالە هەیە بەهۆی بوونی دارەکانی مزرەمەنی کە تامێکی خۆش بە ماسی برژاو دەبەخشن".
رێکخراوەکە دەڵێ: وشکبوونی دار و سەوزایی، پارێزگاکانی باشووری عێراقی گرتووەتەوە.
پرۆژە نوێیەکان خزمەتی باخچە و دارەکان ناکەن
لە راپۆرتی رێکخراوەکەدا هاتووە، پرۆژە نوێیەکان گرنگی بە دار و سەوزایی دەدەن، بەڵام زۆربەی بێ خزمەت ماونەتەوە و "بەغدا لەمەدا پشکی شێری هەیە"، باخچەکان پێویستیان بە خزمەت و ئاودانە و بۆ ئەوەی پێبگەن و ببنە داری سێبەر بۆ رێگریکردن لە رەشەبا و خۆڵبارین.
لەبارەی سووتانی دارستان و باخچەکانیشەوە دەڵێت، هەندێک کەس ئاگریان لە دار و باخچەکان بەرداوە بۆ بنبڕکردنی دارەکان و ئامادەکردنی بۆ فرۆشتن وەک پارچە زەوی بە هاووڵاتییان بە سوودوەرگرتن لە بڕیارەکانی حکومەت.
روانگەی سەوز ئاماژە بە بڕینەوەی دار بۆ پرۆژەی نیشتەجێبوون و رێگەوبان دەکات بەبێ ئەوەی داری دیکە لەبری بچێنرێتەوە و دەڵێت، "داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی چاودێری و جێبەجێکار دەکەین بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتانە بکەن و گرنگی بە دار و درەخت بدەن."
رووبەری سەوزایی لە عێراق زۆر کەمترە لە ستانداردی جیهانی
لە عێراق، رووبەری سەوزایی کەمترە لە رێژەی ستانداردی جیهانی و رووبەری سەوزایی بۆ هەر تاکێک تەنیا بە 0.2 دۆنم دەخەمڵێنرێت، ئەمەش زۆر کەمترە لە تێکڕای جیهانی کە 12 دۆنمە، ئەمەش رێژەی پیسبوونی لەچاو وڵاتدا زیاد کردووە، "بەجۆرێک بووەتە پێشەنگی وڵاتانی جیهان لەم رووەوە."
هەر عێراقییەک پێویستی بە 75 دارە
ماڵپەڕی 'نمبیۆ' کە بایەخ بە ژیانی خەڵکی وڵاتانی جیهان دەدات، لە سەرەتای ئەم ساڵدا ئاشکرایکرد، هەر هاووڵاتییەکی عێراقی پێویستی بە 75 دارە بۆ ئۆکسجینی پێویست.
زۆربوونی باڵەخانە و کاری تەلارسازی و خانووبەرە، کاریگەریی زیاتری کردووەتە سەر کەشوهەوای عێراق و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، هەروەها کەمیی بارانبارین و کەمئاوی، بووەتە هۆی نەمان و لەنێوچوونی زەوییە کشتوکاڵییەکان لە عێراقدا، ئەمەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر ژینگە هەبووە و پیسبوونی لە وڵاتەکەدا زیاد کردووە.
گۆڕانی کەشوهەوا رۆژانە یەک ملیۆن دۆلار زیان لە عێراق دەدات
ئەو رێکخراوە ژینگەییە، باسی زیانە مادییەکانی گۆڕانی کەشوهەوای کردووە و دەڵێت، بەهۆی ئەو گەردەلوولانەی روو لە عێراق دەکەن، زیانەکانی لە رۆژێکدا بە ملیۆنێک دۆلار دەخەمڵێنرێت: "کەرتی تەندروستی زۆرترین زیانی بەرکەوتووە بەهۆی ئەو بڕە پارەیەی وەزارەت خەرجی دەکات بۆ نەخۆشەکانی کۆئەندامی هەناسەدان، جگە لەو نەخۆشانەی پێیان باشترە لە ماڵەوە بمێننەوە و ئامێری هەناسەدان بکڕن لەوەی کە بچنە ناوەندە تەندروستییەکان و نەخۆشخانەکان بۆ چارەسەر."
ناوەندی ستراتیژی بۆ مافی مرۆڤ، لە سەرەتای ساڵی 2025 رایگەیاند، پار بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا عێراق نزیکەی 30٪ـی زەوییە کشتوکاڵییە بەرهەمهێنەرەکانی لەدەستداوە.
لە راپۆرتەکەدا باسی شاری بەغدا کراوە کە بە باخچەی گەورەی دار خورما دەورە درابوو، بەتایبەتی لە ناوچەی دوورە لە باشوور، بەڵام لە چەندین ساڵ پێش ئێستا لەنێوچوون: "زۆربەی پارێزگاکانی عێراق ئێستا بەدەست لەدەستدانی زەوییە سەوزاییەکانەوە دەناڵێنن بە چەندین هۆکار، لەوانە گۆڕینیان بۆ زەویی نیشتەجێبوون، یان جێهێشتنیان بەهۆی وشکەساڵی و کۆچکردنی جووتیاران بۆ شارەکان."
لیژنەیەکی پەرلەمان: بەبیابانبوون 20 ناوچەی عێراقی گرتووەتەوە
لیژنەی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە پەرلەمانی دەڵێت، "قەیرانی بەبیابانبوون زیاتر لە 20 ناوچەی عێراقی گرتووەتەوە." هاوکات جەختی لە پێویستیی گرتنەبەری ستراتیژییەتێکی نیشتمانیی گشتگیر کردەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم دیاردە ژینگەییە "مەترسیدارە."
سائیر جبووری، ئەندامی لیژنەکە بە رووداوی گوت، "گۆڕانی کەشوهەوا لە عێراقدا بە یەکێک لە کاریگەرترینەکان دادەنرێت لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەتایبەتی لەبەر بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و کەمبارانی، هاوشان لەگەڵ دابەزینی ئاستی ئاو لە هەردوو رووباری دیجلە و فورات بەهۆی کەمکردنەوەی بەردانەوەی ئاو لەلایەن تورکیاوە."
جبووری گوتی، "عێراق بە یەکێک لە زیانلێکەوتووترین وڵاتانی ناوچەکە دادەنرێت بەهۆی وشکەساڵییەوە، کە راستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر خاک و رووەک کردووە، ئەمەش بووەتە هۆی دەرکەوتنی نیشانەی روون لەسەر بڵاوبوونەوەی بەبیابانبوون لە زیاتر لە 20 ناوچەدا."
بەپێی لیژنەی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی وشکەساڵی، پێویستە ستراتیژییەتێکی نیشتمانیی گشتگیر بگیرێتەبەر و پشتێنەی سەوزی شارەکان ببووژێندرێتەوە یاخود دروستبکرێت، چونکە رۆڵێکی گرنگیان هەیە لە دابەزاندنی پلەی گەرما و کەمکردنەوەی زریانی خۆڵبارین و باشترکردنی دۆخی ژینگەیی.
ئەو ناوچانەی عێراق و باشووری کوردستان کە زۆرترین کاریگەرییان لەسەرە
1. ناوچەکانی باشوور (بەسرە، زیقار، موسەننا و میسان)
ئەم ناوچانە بە "کارەساتبارترین" دادەنرێن لەڕووی وشکەساڵییەوە لەبەر چەند هۆکارێک:
کۆتایی رێڕەوی رووبارەکانن: دەکەونە خوارووی رووبارەکانی دیجلە و فورات، بۆیە هەر کەمبوونەوەیەکی ئاو لە سەرچاوەکانەوە (تورکیا و ئێران) راستەوخۆ کاریگەریی لەسەریان دەبێت.
زۆنگاوەکان: زۆنگاوەکانی میسان و زیقار (حەویزە و هەممار) کە جاران یەکێک بوون لە دەوڵەمەندترین سیستمە ژینگەییە ئاوییەکانی جیهان، ئێستا رووبەڕووی وشکبوونەوەی تەواوەتی بوونەتەوە. ئەمەش بووەتە هۆی لەنێوچوونی سامانی ماسی و ئاژەڵداری (بەتایبەت گامێش) و کۆچی بەکۆمەڵی دانیشتووانەکەیان.
سوێربوونی ئاو: لە پارێزگای بەسرە، بەهۆی کەمبوونەوەی ئاوی شیرینی دیجلە و فورات، ئاوی سوێری کەنداو تێکەڵی شەتولعەرەب بووە. ئەمەش وایکردووە ئاوی خواردنەوە و کشتوکاڵ بە تەواوی پیس بێت.
2. ناوچەکانی نێوەڕاست و حەوزی فوراتی نێوەڕاست (بابل، کەربەلا، نەجەف، قادسیە و بەشێکی ئەنبار). ئەم ناوچانە بە پشتێنەی کشتوکاڵی عێراق ناسراون، بەڵام ئێستا بە زیانی زۆریان بەرکەوتووە.
پشت بەستن بە رووباری فورات: رووباری فورات زۆر زیاتر لە دیجلە کاریگەریی بەنداوەکانی تورکیا و سووریای لەسەرە. دابەزینی ئاستی ئاو لەم رووبارەدا بووەتە هۆی وشکبوونی هەزاران دۆنم زەویی کشتوکاڵی و لەناوچوونی باخەکانی خورما و میوە.
تێکچوونی زەوییە کشتوکاڵییەکان: ژمارەیەکی زۆر لە جووتیاران وازیان لە کشتوکاڵ هێناوە و ناوچە سەوزاییەکان بەرەو بیابانبوون دەچن.
3. پارێزگای دیالە
دیالە دۆخێکی تایبەتی هەیە، چونکە پشتی بەو رووبارانە بەستووە کە لە ئێرانەوە سەرچاوە دەگرن (رووباری سیروان و ئەڵوەن).
گرتنەوەی ئاو لەلایەن ئێرانەوە: ئێران بە دروستکردنی چەندین بەنداو، رێڕەوی ئەو ئاوانەی گۆڕیوە و بەردانەوەی بۆ عێراق بە تەواوی کەم کردووەتەوە. ئەمەش بووەتە هۆی وشکبوونی بەشێکی سیروان و لە زۆربەی وەرزەکاندا زیانێکی گەورەی بە کشتوکاڵ و باخەکانی پرتەقاڵی دیالە گەیاندووە.
4. ناوچە بیابانییەکانی رۆژئاوا (بەتایبەت پارێزگای ئەنبار)
ئەم ناوچانە لە بنەڕەتدا کەشوهەوایەکی وشکیان هەیە، بەڵام وشکەساڵی دۆخەکەیان سەختتر کردووە و کاریگەری لەسەر کانی و سەرچاوە ئاوییە ژێرزەوینییەکان داناوە کە ژیانی خێڵە کۆچەرییەکان و دانیشتووانی گوندەکانی لەسەرە.
5. هەرێمی کوردستان
هەرچەندە دۆخی هەرێمی کوردستان بەراورد بە باشووری عێراق باشترە بەهۆی بوونی باران و چەندین رووباری نێوخۆیی، بەڵام وشکەساڵی کاریگەریی بەرچاوی هەبووە:
کەمبوونەوەی بارانبارین: بووەتە هۆی زیانگەیاندن بە کشتوکاڵی دێمی کە بەشێکی گەورەی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان پێکدەهێنێت.
دابەزینی ئاستی ئاوی بەنداوەکان: ئاستی ئاوی بەنداوەکانی دووکان و دەربەندیخان بە شێوەیەکی مەترسیدار دابەزیون.
وشکبوونی کانیاو و چەمەکان: زۆربەی کانیاو، چەم و رووبارە بچووکەکان وشکیان کردووە، کە کاریگەری لەسەر گوندەکان و ئاژەڵداری داناوە.
دیجلە و فورات 30% - 40% کەمیانکردووە
فازڵ غەراوی، سەرۆکی ناوەندی ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق دەڵێت، "تێکڕای بەرزبوونەوەی پلەی گەرما گەیشتووەتە 0.48 پلەی سەدی بۆ هەر دەیەیەک، کە نزیکەی دوو هێندەی تێکڕای جیهانییە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ کارەساتێکی ژینگەیی هەمیشەیی."
باسی لەوەش کرد، "ئاوی هەردوو رووباری دیجلە و فورات بە رێژەی 30% - 40% کەمیکردووە بەراورد بە تێکڕای ئاسایی، ئەمەش بووەتە هۆی پاشەکشەیەکی زۆر لە سەرچاوە ئاوییەکان، خێرابوونی بەبیابانبوون و بەرزبوونەوەی رێژەی بەهەڵمبوون، کە راستەوخۆ رەنگیداوەتەوە سەر بەرهەمی کشتوکاڵی و خۆراک."
غەریب ئەحمەد، ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لیژنەکەیان لەبارەی گرتنەوەی ئاوی دیجلە و فورات، بانگهێشتی باڵیۆزی تورکیای کردووە و لە سلێمانیش سەردانی کۆنسووڵی ئێرانیان کردووە: "بەدەمەوەهاتنی باشیان هەبووە."
غەریب ئەحمەد گوتی، "هەوڵەکانمان بەردەوامن بۆ چارەسەرکردنی گرفتی ئاوی سەرزەوی و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لای خۆیەوە هەوڵی جیدیی دەدات."
ساڵانە 100 هەزار دۆنم زەویی کشتوکاڵی دەبنە بیابان
فازڵ غەراوی دەڵێت، کەرتی کشتوکاڵ زۆرترین زیانی بەرکەوتووە بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و کەمئاوییەوە: "ساڵی 2022 گەنم 37% و جۆ 30% کەمی کرد. لە کاتێکدا کۆی بەرهەم لە هەندێک ناوچەدا 50% دابەزی. لە ساڵی 2023دا، نیوەی جووتیاران ناچاربوون رووبەرە چێنراوەکان کەمبکەنەوە یان بڕێکی کەمتر ئاو بەکاربهێنن، بەڵام لە ساڵی 2024دا، 71%ـی زەوییە کشتوکاڵییەکان کەوتوونەتە ژێر هەڕەشەی وشکبوونی تەواوەتییەوە، هاوکات ساڵانە زیاتر لە 100 هەزار دۆنم لە زەویی شیاو بۆ کشتوکاڵ بەهۆی بەبیابانبوونەوە لەدەست دەچێت."
لە دوو ساڵدا 130 هەزار کەس بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا کۆچیان کردووە
بەپێی راپۆرتەکەی ناوەندی ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، "گۆڕانی کەشوهەوا، بووەتە هۆی ئاوارەبوونی هەزاران خێزان لە لادێوە بۆ شارەکان، کە بەهۆی کەمئاوی و تێکچوونی بەرهەمەوە، سەرچاوەی بژێوییان لەدەستداوە."
لە یەک ساڵدا 40%ی جووتیاران وازیان هێناوە
غەراوی، ئامارێکی مەترسیدار لەبارەی جووتیاران و کەرتی کشتوکاڵ بڵاودەکاتەوە، "لە ساڵانی 2022 و 2023دا لانیکەم 130 هەزار کەس لە ناوخۆدا ئاوارە بوون، نزیکەی 40%ـی جووتیاران لە ساڵی 2024دا بە تەواوی وازیان لە کشتوکاڵ هێناوە و زیاتر لە 80%ـی ئەو خێزانە لادێییە زیانلێکەوتووانە پشت بە هاوکارییە مرۆییەکان یان قەرزی خۆراک دەبەستن."
لە 9 ساڵدا ژمارەی گامێشەکان بۆ نزیکەی نیوە کەمیان کردووە
"کەرتی ئاژەڵداری، بەتایبەتی بەخێوکردنی گامێش، زۆرترین کاریگەریی لەسەرە، چونکە وشکەساڵی بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ژمارەی سەر گامێش لە 150 هەزار سەر لە ساڵی 2015ەوە بۆ کەمتر لە 65 هەزار سەر لە ساڵی 2024دا. هەروەها بەخێوکردنی مەڕ و مانگاش پاشەکشەی کردووە بەهۆی تێکچوونی لەوەڕگەکان و بەرزبوونەوەی تێچووی ئالیک، کە کاریگەریی نەرێنی لەسەر سەبەتەی خۆراکی نیشتمانی هەبووە،" ئەمەش بە گوتەی غەراوی.
سەختترین ساڵ و دەستپێکردنی وەرزی بارانبارین
عێراق هەوڵە دیپلۆماسی و تەکنیکییەکانی چڕ دەکاتەوە بۆ کەمکردنەوەی لێکەوتەکانی کەمئاوی، کە بووەتە قەیرانێکی راستەقینە بۆ ملیۆنان هاووڵاتی. ئەمەش لە رێگەی بەردەوامبوون لە گفتوگۆکردن لەگەڵ تورکیا بۆ دابەشکردنی زیانەکان، هاوکات لەگەڵ هۆشدارییەکان لەبارەی دابەزینی یەدەگی ئاوی نیشتمانی بۆ کەمتر لە 8 ملیار مەتر سێجا، کە نزمترین ئاستە لە دەیان ساڵی رابردوودا.
عەون زیاب، وەزیری سەرچاوەکانی ئاو، لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی فەرمیی عێراق (واع) رایگەیاند، "ساڵی 2025 بە یەکێک لە سەخترین ساڵەکان دادەنرێت کە رووبەڕووی عێراق دەبێتەوە لەڕووی ئاوەوە، ئەمەش بەهۆی بەردەوامیی کەمبوونەوەی ئاوی هاتوو لە وڵاتانی سەرچاوەوە، لە سەرووی هەموویانەوە تورکیا، سەرباری زیادبوونی کاریگەریی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا کە بووەتە هۆی تەشەنەسەندنی دیاردەی وشکەساڵی لە زۆربەی ناوچەکانی عێراقدا."
عەون زیاب گوتیشی: "پێدەچێت لە مانگی تشرینی یەکەمی داهاتوودا باران ببارێت، هاوکات لەگەڵ دابەزینی پلەکانی گەرما لە مانگی ئەیلوولدا، کە ئەمەش رەنگە ببێتە هۆی کەمکردنەوەی بەهەڵمبوون و باشترکردنی توانای گلدانەوەی ئاو. کشتوکاڵی دێمی و بەراو لە مانگی ئەیلوولی داهاتوودا بە تەواوی نامێنێت، بەهۆی نەبوونی بەردانەوەی ئاوی پێویست."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ