رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێ، 16 سەنتەری شیاندنەوەی ئالوودەبووانی مادەی هۆشبەر لە عێراق هەن و لە رێگەیانەوە زیاتر لە 5 هەزار کەس وازیان لەو مادەیە هێناوە.
ئەمڕۆ دووشەممە (13ی تشرینی یەکەمی 2025) زیاد خەلەف، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پێش ساڵی 2023، هیچ سەنتەرێکی شیاندنەوە نەبوو، بازرگانانی مادە هۆشبەرەکان و بەکارهێنەرانیان لە یەک ژووردا دەگیران، ئەوەش دەبووە هۆی دروستبوونی بازرگانیی نوێ لەبری چارەسەرکردنی کێشەکە لە بنەڕەتەوە."
زیاد خەلەف گوتیشی، "سەرۆکوەزیران لە ساڵی 2023دا فەرمانی کرد بە تەرخانکردنی ژمارەیەک باڵەخانە کە پێشتر سەربازی بوون و سەر بە وەزارەتی بەرگری بوون، بۆ ئەوەی بکرێنە سەنتەری شیاندنەوە بە سەرپەرشتی راستەوخۆی وەزیری ناوخۆ و بە هاوکاری وەزارەتی تەندروستی و بە پاڵپشتی لۆجستیی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مادە هۆشبەرەکان."
زیاد خەلەف دەڵێت، "16 سەنتەری شیاندنەوە بۆ ئالوودەبووان لە سەرجەم پارێزگاکاندا هەن کە 3 سەنتەریان لە بەغدان و هەموویان توانای لەخۆگرتنی زیاتر لە 5 هەزار قەرەوێڵەیان هەیە."
بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان گوتی: "لە ساڵی 2023ەوە زیاتر لە 5900 ئالوودەبوو چاکبوونەتەوە. ئێستا لە 16 سەنتەرەکەدا تەنیا 1000 ئالوودەبووی مادەی هۆشبەر ماون کە تەنیا رەگەزی نێرن."
زیاد خەلەف گوتی، "ئەو ژنانەی ئالوودەبووی مادەی هۆشبەرن ژمارەیان زۆر کەمە و 2023ەوە نزیکەی 500 ئالوودەبوون کە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی و فەرمانگەکانییەوە چارەسەر وەردەگرن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ