عێراق
شارۆچکەی گورنە کە تێیدا رووبارەکانی دیجلە و فورات بەیەک دەگەن و دەڕژێنە شەتولعەرەبەوە. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی عێراق داوای لە حکومەتی تورکیا کردووە کە بڕی ئاوی بەردراوەی رووبارەکانی دیجلە و فورات بۆ مانگەکانی تشرینی یەکەم و تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بە بڕی یەک ملیار مەتر سێجا بۆ هەر مانگێک زیاد بکات. ئەم داوایە لە کاتێکدایە عێراق بە سەختترین قۆناخی کەمئاوی تێدەپەڕێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، 13ی تشرینی یەکەمی 2025، خالید شیمال، گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "عەون زیاب عەبدوڵڵا، وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق داوای زیادکردنی ئاوی رووباری دیجلە بۆ 500 م3/چرکە و 500 م3/چرکە بۆ رووباری فورات دەکات، بەمەش کۆی گشتییەکەی دەگاتە یەک ملیار مەتر سێجا بۆ هەر مانگێک."
"پێشبینی دەکەین ئەم ساڵ ساڵێکی پڕباران بێت"
گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق گوتیشی، "پێشبینی دەکەین ئەم ساڵ ساڵێکی پڕباران بێ و ئەو بارانە زۆرەش لە کانوونی یەکەمەوە دەست پێ دەکات، بۆیە عێراق پێویستی بە زیادکردنی بڕی ئاوە بۆ باشترکردنی داهاتی ئاو بۆ 50 رۆژی داهاتوو".
ئەم داواکارییە لەکاتێکدایە، رۆژی 10 ی تشرینی یەکەمی 2025 لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا دوای کۆبوونەوەیان، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و هاکان فیدانی هاوتا تورکییەکەی، باسیان لە هەنگاوە تەکنیکییە وردەکانی ئێستا کرد و رایانگەیاند، هەردوولا نزیکن لە رێککەوتن لەسەر چوارچێوەیەکی فەرمی بۆ پێکەوەکارکردنی درێژخایەن لە بواری ئاودا.
هەردوو وەزیر گوتیان، کەمبوونەوەی باران و ئاستی ئاوی بەنداوەکان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە ناچاری کردوون بیر لەوە بکەنەوە کار لەسەر دروستکردنی ژێرخانی خۆڕاگر بکەن.
هاکان فیدان گوتی، "کێشەی کەمئاوی تەنیا بۆ ئەمڕۆ نییە، بەڵکو بۆ ساڵانی داهاتووشە. ئێمە میکانیزمێکی پیشەییانە و لەسەر بنەمای متمانەمان لەنێوان تیمە تەکنیکییەکانی هەردوو وڵاتدا دروستکردووە و سوورین لەسەر بەردەوامیدان بەم کارە".
"ئەم ساڵ سەختترین ساڵی ئاوییە لە مێژووی عێراق"
خالید شیمال دەڵیت، "شاندەکە شیکردنەوەیەکی تێروتەسەلی سەبارەت بە دۆخی ئاو لە عێراق و ئەو سەختیانەی کەرتی ئاو رووبەڕووی دەبێتەوە پێشکێش کردووە، بەتایبەتی کە ئەم ساڵ بە سەختترین ساڵی ئاو لە مێژووی عێراق دادەنرێ و لە ساڵی 1933ەوە بێبارانی لەم جۆرەی بە خۆیەوە نەبینیوە. راستە هەمان کێشە رووبەڕووی تورکیاش بووەتەوە. بەڵام عێراق زیاتر زیانی بەرکەوتووە چونکە وڵاتی خوارووی رووبارەکانە."
گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق گوتیشی: " هەردوولا لەسەر پڕۆژەی ڕێککەوتنێکی چوارچێوەیی لەگەڵ تورکیا سەبارەت بە ئاو رێککەوتوون کە بڕیارە لە بەغداد واژۆ بکرێ، ئەم رێککەوتنە مەبەستی جێبەجێکردنی پڕۆژەی گەورەی ئاودێری و بەنداو بۆ کۆکردنەوەی ئاو لە رێگەی راکێشانی گەورەترین و باشترین کۆمپانیا تورکییەکانەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ