بایکۆتى رەوتی سەدر 7%ـی رێژەی دەنگدەران کەم دەکاتەوە

13-11-2023
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هەر بەربژێرێکى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق لە بەغدا تاوەکو نزیکەى یەک ملیار دینار دەتوانێت بۆ بانگەشە خەرج بکات و هەر کورسیەکى ئەنجومەنى پارێزگاکانى عێراقیش 22 بەربژێرى ژن و 21 پیاو رکابەرایەتیی لەسەر دەکەن، لەکاتێکدا چوار ملیۆن دەنگدەرى عێراقی بڕیاریانداوە نەچنە سەر سندووقى دەنگدان. بایکۆت و دەنگنەدانى لایەنگرانى رەوتى سەدریش ئەگەر هەیە 7%ـی دیکەی بەشدارى لە هەڵبژاردن کەم بکاتەوە. 
 
قردێلەى رکابەریی بانگەشەى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق لە یەکى تشرینى دووەمى 2023 بڕدرا کە تێیدا 5915 بەربژێر رکابەرى بۆ بەدەستهێنانى 275 کورسی لە 15 پارێزگاى عێراق دەکەن و، 18ـی کانوونى دووەم بۆ دەنگدان دیاریکراوە. 
 
هەر کورسیەک 21 پیاو و 22 ژن رکابەریی لەسەر دەکەن 
 
لەو 5915 بەربژێرە 4258ـیان پیاو و 1657ـەکەی دیکە ژنن. تەواوى ژمارەى کۆتای ژنان لە ئەنجوومەنى پارێزگاکان 75 کورسیە. ئەگەر بەربژێرە ژنەکان دابەشی کورسیی کۆتاکانیان بکرێن، هەر کورسیەک 22 بەربژێرى ژنى بەردەکەوێت. ئەگەر تێکڕاى ژمارەى بەربژێرە پیاوەکان دابەشی کورسیەکانیان بکرێت، هەر کورسیەک 21 بەربژێرى پیاوى بەردەکەوێت.
 
زیاتر لە 16 ملیۆن هاونیشتمانی و هاووڵاتى لە 15 پارێزگاى عێراق بە کەرکووکەوە کە ناوچەی کوردستانیی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردتانە، مافى دەنگدانیان بۆ دیاریکردنى 275 ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاکان هەیە؛ 75 کورسی لەو 275 کورسیە کۆتاى ژن و 10ـیان کۆتای پێکهاتەکانن.
 
رکابەرى و شەڕ لەسەر کورسی ئەنجوومەنى پارێزگاکان تووند بووە، بەتایبەت لە بەغدا کە زۆرترین کورسیی ئەنجوومەنى پارێزگاى هەیە و ژمارەیان 49 کورسیە، زیاتر لە 17%ـی هەموو ژمارەى کورسیەکانى هەر 15 پارێزگاکەیە.
 
ململانێکە لە بەغدا قورسە، بەتایبەت لەنێوان هێزە شیعەکان؛ ئەوانەى دوێنێ هاوپەیمان بوون، ئەمڕۆ رکابەرن. هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى بە سێ لیستى جیاوازى سەرەکى بەشدارە و رکابەرىی تووند لەنێوان هاوپەیمانیى دەوڵەتى یاسا بە سەرۆکایەتیى نووری مالیکى و هێزەکانى دیکەیە کە هادى عامرى، سەرۆکى هاوپەیمانیى فەتح و قەیس خەزعەلى، ئەمیندارى گشتى عەسائیبی ئەهلى حەق، عەممار حەکیم، سەرۆکى رەوتى حیکمە دیارترین رکابەرەکانیانن.
 
ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى عێراق بڕیاریداوە دەستوەردان بکات و فەرمانی بە دادگەکان کردووە لێکۆڵینەوە بکەن بۆ ئەوەى بە هاوئاهەنگى لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان ئەو کەسانە دەستگیر بکەن، کە وێنەى بەربژێران و بانگەشەکانى هەڵبژاردن دەدڕێنن و بەگوێرەى یاسا سزایان بدەن. 
 
حەسەن ئەبو مەسار، راوێژکارى یاسایی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بۆ کاروبارى بەربژێران لە میانی بەشداریکردنى لە پۆدکاستى رووداوى عێراق گوتی، ئەوەى کە روویداوە لە دڕاندنى پۆستەرى بانگەشەى هەڵبژاردنەکان، ئەگەر ئەو هەنگاوە لەلایەن بەربژێرێک یان لیستێک دژى لیست و بەربژێرێکى دیکە کراوە، دەچێتە چوارچێوەى پێشێلکاریی هەڵبژاردن، بەڵام ئەگەر لەلایەن کەسی نادیارەوە بووبێت، ئەوە ئەنجوومەنى باڵاى داوەرى داوایکردووە دۆسیەى لەسەر بجووڵێندرێت.
 
حەسەن ئەبومەسار گوتیشى، "دەستگیرکردنى ئەو کەسانە، ئەوە روون دەکاتەوە؛ ئایا کەسێک سەر بە پارتێکە و دژى پارتێکى دیکە کاری کردووە یان نا. ئەگەر بەو جۆرە بێت، ئەوە کارەکە دەچێتە چوارچێوەی تاوانى هەڵبژاردنەوە کە پارتەکەى سزادەدرێت، بەڵام ئەگەر زانرا پاڵنەرەکەى کەسیە، رێوشوێنى یاسایی دژى دەگیرێتەبەر."
 
بودجەى بانگەشە؛ بەغدا یەک ملیار و میسان 112 ملیۆن دینار 
 
کۆمیسیۆن سەقفێکى خەرجى پارەى بۆ بەربژێر و لیستەکان دیاریکردووە، کە رێگەپێدراوە لە هەڵمەتى هەڵبژاردن خەرجبکرێت، ئەگەرنا گومان دەچێتە سەریان.
 
لە هەر پارێزگایەک بۆ هەر بەربژێرێک کە بەشدارى هەڵبژاردن دەکات، 250 دینار بۆ هەر دەنگدەرێک خەرج دەکرێت. بۆ لیستەکانیش هەمان ژمارەى دەنگدەران لە 250 دینار و دواتر تێکڕاى ژمارەى بەربژێرەکان دەکرێت لەو لیستەدا، کە پارەکەى زیاتر دەکات لە پارەى بەربژێرە سەربەخۆکان. 
 
بەوپێیە پارەى رێگەپێدراو بۆ خەرجکردن لەلایەن بەربژێرەکانەوە لەنێوان پارێزگەکاندا جیاوازە؛ دەنگدەر لە کوێ زۆر بێت، بەربژێر دەتوانێت پارەى زیاتر خەرج بکات؛ لەکوێ کەمتر بێت، ئەویش کەم دەبێتەوە.
 
لە بەغدا زۆرترین ژمارەى دەنگدەر هەیە کە سەروو سێ ملیۆن و 700 هەزار کەسە؛ هەر بەربژێرێک لەو پارێزگایە دەتوانێت زیاتر لە 926 ملیۆن دینار بۆ بانگەشە خەرج بکات، لەکاتێکدا لە میسان کە کەمترین ژمارەى دەنگدەرى هەیە، بەربژێر ناچارە زۆر کەمتر خەرج بکات، کە دەکاتە 112 ملیۆن و 830 هەزار دینار. 
 
حەسەن ئەبومەسار دەڵێت، "ئێمە، سەقفێکى خەرجىی هەڵبژاردنمان دیاریکردووە و دەبێت پارتەکان سێ دەرخستەى دارایی خەرجى لە کاتى بانگەشەدا پێشکێش بکەن لەسەر خەرجکردنى ئەو پارەیە و ژمێریارێکێش دابمەزرێنن بۆ ئەو کارە. ئەوەى پەیوەندارە بە پابەندبوونى بەربژێر و پارتەکان بەو رێنماییانەوە، بە ئەمانەتەوە دەیڵێم زۆر ئەستەمە، بەڵام بەپێى توانا، کار دەکەین بۆ پابەندبوونی حیزبەکان پێوەى." 
 
سەدر رێژەى 7%ـی بەشدارى کەم دەکاتەوە 
 
موقتەدا سەدر، رێبەرى رەوتى سەدر بڕیاریداوە بەشدارى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگەکان نەکات، لایەنگرانیشى هانداوە دەنگ بە هیچ لیست و بەربژێرێک نەدەن. 
 
بەرەبەیانى رۆژی 3ـی تشرينى دووەم لە سێیەم رۆژى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگەکان، سەڵاح عوبێدى، گوتەبێژى موقتەدا سەدر پەیامێکى دەنگىی ئاراستەى لایەنگرانى ئەو رەوتە کرد.
 
سەڵاح عوبێدى بە لایەنگرانی گوت، "ئاگادرى ئەوە بن؛ نابێت پەلکێش بن. دەنگ نەدەن بە کەس بە پاساوى نزیکى و دۆستایەتى، لەبەرئەوەى ئەمە دەتانبات بۆ رێرەوێک کە سەماحەتى موقتەدا سەدر نایەوێت."
 
بەشدارینەکردنى رەوتى سەدر لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگەکان ئەگەر زۆرە رێژەى بەشداریکردن کەمبکاتەوە، بەتایبەت لە 11 پارێزگا زۆرینە شیعەنشینەکەى عێراق. 
 
لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق لە ساڵى 2021، کە رەوتى سەدر 73 کورسیی بەدەستهێنا، زیاتر لە 22 ملیۆن کەس لە سەرانسەرى عێراقدا بە هەرێمى کورستانیشەوە مافى بەشداریکردنیان هەبوو، بەڵام 44%ـیان بەشدارى هەڵبژاردنیان کرد، کە کردیە نزیکەى 10 ملیۆن دەنگدەر، ئەوە جگە لەوەى رێژەى بەشدارى لە سێ پارێزگاکەى هەرێمى کوردستان زیاتر بوو لە پارێزگاکانى عێراق کە رێژەکەى بەرزتر کردەوە، ئەگەرنا لە تەنیا 15 پارێزگەکەى ژێر دەسەڵاتى حکومەتى فیدراڵى، رێژەى بەشدارییەکە کەمتر بوو لە 44%.
 
کاتێک رەوتى سەدر لەم هەڵبژاردنە بەشدار نابێت، نزیکەى یەک ملیۆن دەنگدەر کەم دەکات، واتە لەو 16 ملیۆن کەسەى مافى دەنگدانیان هەیە بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگەکان، بەشدارى لە هەڵبژاردن بەڕێژەی لایەنی کەم 7% کەمدەکاتەوە، راوێژکارى یاسایی کۆمیسیۆن دەڵێت، "هۆکارەکەى دۆخى گشتى و سیاسییە."
 
چوار ملیۆن کەس بڕیارى کۆتاییان داوە
 
بە هەموو عێراق بە هەرێمى کوردستانیشەوە 19 ملیۆن و 800 هەزار کەس کە کارتى بایۆمەتریی دەنگدانیان هەیە و راستاندنیان بۆ کراوە بەوەی ئەو کەسانە هەن و راستەقینەن، دەتوانن دەنگ بدەن، ئەمە جیاوازە لەوەى کە بە تەنیا مافى دەنگدانیان هەیە، لەکاتێکدا ژمارەى دانیشتووان بەگوێرەى ئامارەکانى وەزارەتى پلاندانانى عێراق 43 ملیۆن کەسە.
 
بەگوێرەى زانیارییەکانى تۆڕى میدیایی رووداو کە لە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق دەستى کەوتووە، زیاتر لە 23 ملیۆن کەس لە عێراق مافى دەنگدانیان هەیە، بەڵام 19 ملیۆن و 800 هەزار کەسیان کارتى بایۆمەتری دەنگدانیان هەیە، واتە نزیکەى چوار ملیۆن کەس مافى دەنگدانیان هەیە و ناتوانن دەنگ بدەن. نەتوانینەکە ئەوە نییە کە رێوشوێنى ئاسانکارییان بۆ نەکرابێت یان نەخۆش بن و نەتوانن دەنگ بدەن. ئەو  چوار ملیۆن کەسە دەکاتە نزیکەى 10%ـی دانیشتووانى عێراق.

 

پۆدکاستی "رووداوی عێراق"، لە لەلایەن هەستیار قادرەوە پێشکێش دەکرێت وردەکاریی زیاتری لەبارەی ئەم بابەتە تێدا باسکرا:

نرخی بانگەشەی بەربژێرێک لە بەغدا گەیشتووەیە یەک ملیار دینار

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە