سەرکردەیەک لە هاوپەیمانیی عەزم: ئامادەی هاوپەیمانیین لەگەڵ سوودانی و پارتی

13-11-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرکردەیەک لە هاوپەیمانیی عەزم دەڵێ، پشتگیری لە محەممەد شیاع سوودانی دەکەن بۆ بوونەوە بە سەرۆکوەزیران؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ئامادەی هاوپەیمانیین لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 13ی تشرینی دووەمی 2025، وەلید فەهداوی، سەرکردە لە هاوپەیمانیی عەزم بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەگەری زۆرە لە پەرلەماندا هاوپەیمانی لەگەڵ هەریەکە لە هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، حەسم و هاوڕێیانمان لە لیستی نەینەوا لیئەهلیها پێکبێنین."
 
بە گوتەی فەهداوی، ئەو هاوپەیمانی و حیزبانە "هەوڵی زۆریان بۆ خزمەتکردنی عێراقییەکان داوە."
 
لەبارەی ئەگەری بوونەوەی سوودانی بە سەرۆکوەزیران، ئەو سەرکردەیەی عەزم گوتی: "هاوپەیمانی لەگەڵ دەکەین و پاڵپشتیشی لێدەکەین بۆ بوونەوە بە سەرۆکوەزیرانی عێراق، چونکە شایستەی ئەو پۆستەیە و خزمەتی بە شار و شارۆچکەکانەوە دیارە."
 
سەبارەت بە پەیوەندییان لەگەڵ لایەنە کوردستانییەکان، سەرکردەکەی عەزم گوتی: "پەیوەندیمان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان زۆر باشە و ئامادەین بۆ کاری پێکەوەیی لەگەڵی لە پەرلەمان." 
 
11ی ئەم مانگە، دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو.
 
هاوپەیمانیی عەزم کە لە هەر سێ حیزبی (عەزمی مەدەنی، کوتلەی عێراقی سەرکەوتن و ئاشتی و حیزبی موتەحیدوون) پێکدێت و لەلایەن موسەننا سامەڕایی سەرۆکایەتی دەکرێ، خاوەنی 16 کورسیی پەرلەمانە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە