بازدانی کورسی لە هەڵبژاردندا؛ لیستی دوو هێندەیی بەشێکی شیعەکان و نزیکەی 60 پەرلەمانتاری گرووپە چەکدارەکان

13-11-2025
ئەحمەد تەڵعەت
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجامی بەرایی فەرمی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق دەرکەوت،بەشێکی لیستە شیعەکان کورسییەکانیان دوو هێندە لێکردووە و تاک و تەرا کورسیان کەمکردووە، گرووپە چەکدارەکانیش ئەوانەی لیستی ئاشکرایان هەبوو لەهەڵبژاردندا، پێکەوە نزیکەی 60 کورسی پەرلەمانیان هەیە کە دەکاتە ٪18ـی کۆی پەرلەمانتارانی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق .
 
چوار لیستی سیاسی گرووپی چەکدار زیاتر لە ملیۆنێك و 800 هەزار دەنگیان هێناوە.
 
لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراقدا نزیکەی 20 گرووپی چەکدار بە ئاشکرا و لەنێو هاوپەیمانێیتییەکانیشدا بەشداری هەڵبژاردنیان کرد، ئەوان بە زیاتر لە 1400 بەربژێرەوە چوونە نێو رکابەری،چوار لەو لیستانەی گرووپە چەکدارەکان ژمارەیەکی زۆر کورسییان هێناوە و بەشێکیشیان لەنێو هاوپەیمانێتییە شیعەکاندان .
 
لەسەرووی ئەو لیستانەوە بزووتنەوەی سادیقوون دێت،لیستەکەی ئەو بزووتنەوەیە کە قەیس خەزعەلی سەرۆکایەتی دەکات زیاتر لە 880  هەزار دەنگی بەدەستهێناوە، کۆی کورسییەکانی 26 کورسییە لە پەرلەمانی داهاتوودا، لەکاتێکدا لە خولی پێنجەمدا تەنیا 13 کورسی هەبوو، بزووتنەوەکە لە زۆربەی ئەو بازنانەی تێیدا بەشداربوو کە 11 بازنە بوو کورسییان بەدەستهێناوە، بەجۆرێک لە لە بەغدا 5 کورسی بەدەستهێناوە، لە بەسرەش 3 کورسی، لە هەریەکە لە نەجەف و میسان و زیقار و دیالە،دوو کورسی، لە بابل سێ کورسی بەدەستهێناوە ، شەش کورسییەکەی دیکەیشی دەکەوێتە کەربەلا و موسەننا.
 
سادیقوون لە کۆی بازنەکاندا لە خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق 885 هەزار و 941 دەنگی بەدەستهێناوە.
 
دوای سادیقون لەرووی ژمارەی کورسییەوە بەدر دێت، رێکخراوەکە بە لیستێکی سەربەخۆ بەشداربوو، بەپێی ئەنجامە بەراییەکان 19 کورسی پەرلەمانی بردووەتەوە، کۆی دەنگەکانی بەدەر لەو هەڵبژاردنەدا 556 هەزار و 122 دەنگە، ژمارەی کورسییەکانی بەدر لە خولی شەشەمدا گەیشتووەتە 19 کورسی  و کورسییەکانیشی بەسەر پارێزگاکانی بەسرە، قادسییە، بەغدا، دیالە ،زیقارو میسان و واسیت دابەش بوون .
هادی عامری سەرۆکایەتی بەدر دەکات و یەکێکی دیکە بوو لەو لیستانەی سەربەخۆ بەشداریان هەڵبژاردن کرد و لە 11 پارێزگا بەربژێریان هەبوو  .
 
لەدوای ئەو دوو فراکسیۆنە خاوەنی گرووپی چەکدار،"حقوق"ـی سەر بە ئەحمەد موحسین فەرەج حەمیداوی دێت، سەرۆکی کەتائیبی حیزبوڵڵا، هەیە ئەوان بە لیستی سەربەخۆ بەشداربوون و بەپێی ئەنجامی بەرایی 6 کورسی پەرلەمانیان مسۆگەر کردووە، بەربژێرانیان لە بەشێکی ئەو 10 پارێزگایە سەرکەوتوون کە تێیدا بەشداربوون، ژمارەی دەنگەکانی حقوق زیاتر لە 230 هەزار دەنگە.
 
هەروەها خەدەمات، سەر بە شیبل زەیدی، سەرۆکی کەتائیبی ئیمام عەلییە، ئەویش بە ئاشکرا و بێ پەنابردنە لیستی سێبەرلە هەڵبژاردن بەشداریان کرد و توانیان  5 کورسی بەدەستبێنن لەو بازنانەی تێیدا بەشداریان کرد، لیستەکە لە هەڵبژاردن 190 هەزار و 571 دەنگی بەدەستهێناوە .
 
جگە لەو لیستە ئاشکرایانە چەندین گرووپی چەکداری دیکە لەنێو لیستی دیکە بە بەربژێر بەشداربوون و بەشێکیان سەرکەوتوون، بەڵام خاڵی زەقی هاتنە پێشەوەی ئەو گرووپانە لە دیالە بوو  لە کۆی 14 کورسی پارێزگاکە 3 کورسی بەدەستهێناوە لەو پارێزگایە تێکەڵاوەدا کورسییەکانیشی یەکسانە بە تەقەدووم و زیاتریش لە سیادە و عەزم کە سێ لیستی سوننەن .
 
ژمارەی دەنگی ئەو گرووپانەش جیاوازە کە نوێنەریان ناردووەتە پەرلەمان،سادیقون بە 885 هەزار دەنگ لەسەرووی هەموو ئەو فراکسیۆنە دێت وەکو نوێنەری گرووپی چەکدار سەیر دەکرێن، دوای ئەویش بەدر کە 556 هەزار و 461 دەنگی بەدەستهێناوە، هەروەها خەدەمات 190 هەزار و 571 دەنگی هەیە و حقوقیش 230 هەزار و 461 دەنگی هەیە  .
 
بازدانی چەند پارتێکی شیعە؛کورسییەکان چەند هێندە زیادبووە 
 
جگە لە زیادبوونی ژمارەی دەنگ و کورسی نوێنەرانی گرووپە چەکدارەکان، هەندێک پارت و هاوپەیمانی شیعە بازدانێکی گەورەیان لە ژمارەی کورسی هەبووە، هاوپەیمانێتییەکەی سوودانی کە بۆ هەڵبژاردن پێکهات 45 کورسی بەدەستهێناوە، کۆمەڵێک حیزب و بەرپرسی شیعە لەنێو ئەو لیستەدان.
 
سادیقوون لە بەراوردی دوو هەڵبژاردندا لەماوەی سێ ساڵدا 13 کورسی زیادکردووە، لەوانەش سەرنجراکێشتر هاوپەیمانی هێزەکانی دەوڵەتە، لە چوار کورسی پەرلەمانەوە کە لە خولی پێنجەم بەدەستیهێنابوو بازی داوە بۆ 18 کورسی لە خولی شەشەمدا، هاوپەیمانێتییەکە لە 7 حیزب و لایەن پێکدێت، عەمار حەکیم سەرۆکایەتی دەکات و نەسریش بەشێکە لە هاوپەیمانییەکە، هێزەکانی دەوڵەت لە خولی شەشەمدا زیاتر لە 513 هەزار دەنگیان بەدەستهێناوە .
 
بەشدارینەکردنی سەدر و کاریگەرییەکەی
 
بایکۆتی سەدر بۆ هەڵبژاردن بووە شمشێرێکی دووسەرە بۆ هەڵبژاردن، سەدر بە ئامانجی کەمکردنەوەی رەهایی هەڵبژاردن و نەبوونی چاکسازی بایکۆتی کرد، بەڵام زیاتر لە 70 کورسییەکەی لە خولی پێنجەم دابەشبوو بەسەر لایەنی دیکە،ئەوەی زۆر ' خێری' لەو پرۆسەیە بینی، هاوپەیمانی هێزەکانی دەوڵەت و سادیقون بوون، چونکە ئەو حیزبانەی لەنێو لیستەکەی سوودانی بوون، پێشتر خۆیان دەنگ و کورسیان هەبوو لە پەرلەمان، بەڵام تەنیا هێزەکانی دەوڵەت و سادیقون 30 کورسیان لە پەرلەمان زیاد کردووە  .
 
کارتی پەکخستن و سیناریۆکانی داهاتوو
 
ئەو گرووپە چەکدارانە بە نزیکەی 60 نوێنەرەوە دەچنە پەرلەمان، بوونی ئەو رێژەیە لە پەرلەمان دەبێتە جۆرێک لە ' سەرئێشە' بۆ ئەوانەی دژی بۆچوونی و کارەکانی ئەو گرووپانەن،پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکدێت، واتە ٪18ـی پەرلەمان پێکدێنن، ئەو گرووپانە زۆرینەی پەرلەمانیان نییە بۆ راگرتنی هەر کار و پڕۆژەیەک مەبەستیان بێ، دووریشن لە کارتی دوو لەسەر سێی پەکخەر کە 110 پەرلەمانتاری دەوێت لەکاتی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار یان متمانە وەرگرتنەوە لە حکومەت.
 
بەڵام بۆ هەمواری یاساکان ئەگەر بچنە پاڵ فراکسیۆنی دیکەی شیعە دەبنە ژمارەی قورس لە رێگری لە پڕۆژەیاساکان و پەسندکردنیان، لەکاتێکدا کورد و سوننە داواکاریان لە حکومەتی داهاتوو هەیە.
 
پێش هەڵبژاردن ئەمریکا چەند جارێک  داوای چەکداماڵینی گرووپەکانی لە حکومەتی عێراق کرد، محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانیشە لەبارەی گرووپە چەکدارەکان و چەکی دەستی ئەو گرووپانە رۆژی 20ـی 10ـی 2025 رایگەیاند:"دوو بژاردەیان خراوەتە بەردەم یان بچنە نێو دامەزراوە ئەمنییەکانەوە، یان بچنە نێو کاری سیاسییەوە. لەسەر ئەم رێچکەیە رێککەوتووین و لە جێبەجێکردنیدا بەردەوامین."
 
بە بوونی نزیکەی 60 نوێنەر وادەردەکەوێت ئەو داوایەی چەکداماڵینی گرووپەکان ئاسان نەبێ، هەرچەندە ئەو کەسەی دەبێتە سەرۆکوەزیران دەسەڵاتی بڕیاری هەیە لەسەر هەموو هێزە چەکدارەکان، بەڵام بە بوونی بۆچوون و دیدگە و ئاراستەی جیاوازی گرووپەکان پێدەچێت ئەوە ببێتە ئاڵنگارییەک لەبەردەم حکومەتی نوێ.
 
 
 
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق

عەسائیبی ئەهلی حەق: بڕیاری سەپێنراوی دەرەکی رەتدەکەینەوە

بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق لێدوانی سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی بەربژێری پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق رەتدەکاتەوە و دەڵێت: "عێراقییەکان لە توانایاندایە ئەو کەسە بەربژێر بکەن کە دەتوانێت وڵات بەرەوپێش ببات."