رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، یەکەم گەشتی هێڵی ئاسمانیی عێراقییە، بۆ گەڕاندنەوەی ئەو هاووڵاتییە عێراقییانەی لە دەرەوەی وڵات گیریان خواردووە، دەستیپێکرد و فڕۆیەک گەیشتە قاهیرەی پایتەختی میسر.
مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 15ی ئاداری 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانیی عێراقییە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئەنقەرەوە گەیشتوەتەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی قاهیرە، بە مەبەستی گواستنەوەی ئەو هاووڵاتییە عێراقییانەی لە کۆماری میسر گیریان خواردووە."
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، ئەو گەشتیارە عێراقییانە دەگەیێندرێنە فڕۆکەخانەی عەرعەر لە سعودیە، دواتر لە رێگەی دەروازەی سنووریی عەرعەرەوە بە وشکانی دەگەڕێندرێنەوە.
سەبارەت بە وردەکاریی گەشتەکان، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق گوتی، "پلانی کارکردنەکە لەلایەن شانەی قەیرانەکانەوە پەسندکراوە و 6 گەشتی ئاسمانی لەخۆدەگرێ؛ 2 گەشت لە قاهیرەی پایتەختی میسر و 4 گەشت لە نیودەلهی پایتەختی هیندستانەوە بۆ سعودیە دەبن."
مەیسەم سافی ئاماژەی بەوەش کرد، گەشتەکان بە خۆڕایی نین و دوای گەیشتنی هاووڵاتییانیش بۆ سعودیە، ئیدی بە رێگەی وشکانی و لە رێگەی دەروازەی سنووریی عەرعەرەوە دەگەڕێندرێنەوە نێو عێراق.
لە 28ی شوباتەوە کە جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل دەستیپێکردووە، ئاسمانی عێراق بەڕووی گەشتەکاندا داخراوە، تەنیا رێگەی هاتووچۆ لەگەڵ دەرەوە وشکانییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ