عێراق
وێنەکە ئاڵۆزیی چارەنووسی دیاریکردنی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق پێشاندەدات و بە ژیریی دەستکرد دروستکراوە.
رووداو دیجیتاڵ
دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، قۆناخێکی نوێ دەستپێدەکات کە بریتییە لە دەستنیشانکردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران تاوەکو حکومەتی نوێ پێکبێنێت، ئەویش لە وڵاتێکی پڕ لە ناکۆکی و دابەشبوونی سیاسی کە رێککەوتن لەسەر بەربژێرێک ئاسان نییە.
ئەنجامی بەرایی کە لە لایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانەوە بڵاوکراوەتەوە، نیشانی دەدات کە ئەو هاوپەیمانییەی لە لایەن محەممەد شياع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی ئێستاوە سەرکردایەتی دەکرێ (هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان) زۆرترین کورسی هەیە.
بەڵام ئەو کورسیانە بەشی ئەوە ناکات بە تەنیا حکومەت پێکبێنێت، بۆیە ئەرکێکی سەختی لە بەردەمە کە دەبێت پشتیوانی لایەنە رکابەرەکانی بەدەست بێنێت، بە تایبەتی لە نێو زۆرینەی شيعەدا، تاوەکو بتوانێت خولی دووەم بۆ خۆی مسۆگەر بکات.
لەبەر ئەوەی هیچ لایەنێک نەیتوانیوە زۆرینەی رەهای 329 کورسییەکەی پەرلەمان بەدەست بێنێت، دەکرێت لایەنە سیاسییەکان چەندین هەفتە و بگرە چەندین مانگیان بوێ تاوەکو لە نێو هاوپەیمانییەکی گەورەدا یەکبگرن و بتوانن بڕیار لەسەر سەرۆکوەزیرانی داهاتوو بدەن.
لە کاتێکدا ئەنجامی دەنگەکانی هەموو پارێزگەکان بڵاوکراوەتەوە، هێشتا دابەشبوونی کورسییەکانی پەرلەمان بە فەرمی ئاشکرانەکراوە.
یەکەم هەڵبژاردنی فرەلایەنی عێراق لە ساڵی 2005 کرا، واتە دوو ساڵ دوای هێرشی سەربازیی ئەمریکا و رووخاندنی دەسەڵاتی بەعس. لەو کاتەوە کار بە سیستمی پشكپشكێنە دەکرێت: سەرۆکوەزیران، باڵاترین پۆستی جێبەجێکاری، بۆ شيعە؛ سەرۆککۆمار بۆ کورد و سەرۆکی پەرلەمان بۆ سوننە.
میکانیزمی پێکهێنانی حکومەت
ناوزەدکردنی سەرۆکوەزیران هەمیشە هەویرێک بووە ئاوی زۆری ویستووە. لە دوای هەر هەڵبژاردنێکی خولەکانی پێشوو، کاتێكی زۆری ویستووە تاوەکو لایەنە سیاسییەکان لەسەر کەسایەتییەک رێککەوتوون.
کورسییەکان وەک کارتی دانوستاندن بەکاردەهێندرێن؛ بەربژێرەکانیش دەتوانن فراکسیۆنەکانیان بگۆڕن و بچنە پاڵ لایەنەکانی دیکە.
لە ساڵی 2005ـەوە هیچ کەس دوو خول لەسەر یەک نەبووەتە سەرۆکوەزیرانی عێراق، جگە لە مالیکی کە 2006 تاوەکو 2014 پۆستەکەی بە دەستەوە بوو.
وێڕای ئەوەی مالیکی رووبەڕووی تۆمەتی جیاوازدەبێتەوە، لەوانەش شکستهێنان لە بەرپەرچدانەوەی داعش لە ساڵی 2014 کاتێك موسڵ لە لایەن رێکخراوە پەڕگیرەکەوە گیرا، فراکسیۆنەکەی (دەوڵەتی یاسا) هێشتا هێزێکی سەرەکیی گۆڕەپانی سیاسیی عێراقە.
سیناریۆ چاوەڕوانکراوەکان چین؟
دوای چەقبەستنێک کە زیاتر لە ساڵێکی خایاند لە ئەنجامی ناکۆکیی سیاسیی نێوان رەوتی سەدر و چوارچێوەی هاوئاهەنگیی پێکهاتوو لە پارتە شيعەکانی نزیک لە ئێران، لە ساڵی 2022دا چوارچێوەی خاوەن زۆرترین کورسی، سوودانی بەربژێر کرد بۆ پۆستەکە. لەو کاتەدا سوودانی زۆر ناسراو نەبوو و بنکەیەکی جەماوەریی ئەوتۆشی نەبوو.
ئەوەی کە ئایا سوودانی لەم خولەدا دەبێتەوە سەرۆکوەزیران یان نا، زۆر ناڕوونە.
مانگی رابردوو، بەرپرسێکی باڵای سیاسی بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی گوت، چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەسەر پشتیوانیکردنی سوودانی کۆدەنگ نییە و بەشێک لە هێزەکان دەیانەوێ دووری بخەنەوە.
بە گوتەی ئەو بەرپرسە، زیادبوونی دەسەڵاتی سوودانی، هێزە سیاسییە گەورەکانی عێراقی نیگەران کردووە، لە کاتێکدا هەوڵی داوە هاوسەنگی لەنێوان دوو هاوپەیمانی عێراق کە دوژمنی یەکدین، واشنتن و تاران، بپارێزێ.
بەرپرسی پارتێکی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە، چوارچێوەکە پێشتر رێککەوتووە کە ریزەکانی یەکبخاتەوە و ئەم جارەش فراکسیۆنی گەورە پێکبێنێت بۆ "دەستنیشانکردنی سەرۆکی حکومەت".
دوای دەنگدانەکانی پێشوو چی روویدا؟
لە هەڵبژاردنی ساڵی 2010دا فراکسیۆنەکەی ئەیاد عەللاوی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتر، زۆرترین کورسی بەدەستهێنا کە 91 کورسی بوو، بە جیاوازییەکی کەم لە دوای ئەویش هاوپەیمانییەکەی مالیکی هات کە 89 کورسی بەدەستهێنا.
دوای چەندین مانگ لە ناکۆکی، مالیکی بۆ خولێکی دیکە کرایەوە سەرۆکوەزیران.
لە ساڵی 2021دا، رەوتی سەدر بە سەرۆکایەتیی موقتەدا سەدر، کەسایەتیی دیاری شیعە، بە بەدەستهێنانی 73 کورسی بووە براوەی یەکەم، بەڵام هێشتا زۆر لە بەدەستهێنانی زۆرینەوە دوور بوو.
سەدر لەگەڵ پارتی و تەقەدووم بوونە هاوپەیمان و هەوڵی پێکهێنانی حکومەتیان دا، بەڵام دوای ئەوەی چەندین جار رێژەی یاسایی دانیشتنی یاسایی پەرلەمان بەدەستنەهات، سەدر لە پرۆسەی سیاسی کشایەوە.
دواتر، پارتە کاریگەرەکانی شیعە لەژێر چەتری چوارچێوەی هاوئاهەنگیدا کۆبوونەوە بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی گەورەتر و سوودانییان هێنایە سەر دەسەڵات.
تاران و واشنتن چ رۆڵێک دەگێڕن؟
دەیان ساڵە، عێراق بووەتە گۆڕەپانی ململانێی بەوەکالەتی نێوان ئەمریکا و ئێران و پێکهێنانی حکومەت هەمیشە لەژێر کاریگەریی ئەم دوو نەیارەدا بووە.
سەرۆکوەزیرانی داهاتوو دەبێت هاوسەنگیی ناسکی نێوان بەرژەوەندییەکانیان رابگرێ.
ئێران نەوەک هەر هەژموونێکی بەرچاوی لە سیاسەتی عێراقدا هەیە، بەڵکو پاڵپشتیی گرووپە چەکدارەکانی وڵاتەکەش دەکات کە دەسەڵاتیان لە رووی سیاسی و داراییەوە گەشەی کردووە.
لەکاتێکدا کە هەژموونی هەرێمیی ئێران کەم دەبێتەوە، ئامانجی ئەوەیە دەسەڵاتی خۆی لە عێراقدا بپارێزێت و بازاڕی وڵاتەکە بۆ بەرهەمەکانی ئابوورییە پەککەوتووەکەی بە کراوەیی بهێڵێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، واشنتن دەیەوێ هەژموونی تاران کەمبکاتەوە و گوشار لە بەغدا دەکات بۆ چەککردنی ئەو گرووپانەی ئێران پاڵپشتییان دەکات، کە بەشێکیان وەک گرووپی تیرۆریستی پۆلێنکراون.
سەرەڕای ئەوەش، هەندێک لەو گرووپانە کورسییان لە پەرلەمان و رەنگە لە حکومەتیشدا هەبێت.
هەفتەی رابردوو، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، بە میدیای سعودیەی راگەیاند، شەش گرووپی نزیک لە ئێران لە لیستی رەشی ئەمریکادان، ئەمەش فاکتەرێکی سەرەکییە کە پێویستە حکومەت لەبەرچاوی بگرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ