عێراق
ئایات ئەدهەم، بەربژێری دەرچووی نێو هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان سەر بە محەممەد شیاع سوودانی
رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەربژێرێکی سەرکەوتووی لیستەکەی سوودانی بە بەربژێری خۆی دەناسێنێت. ئەو بەربژێرەش دەڵێت، پەیوەندی بە فراکسیۆنی یەکێتیەوە دەکات.
رابیحە حەمەد، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بەرپرسی پێشووی مەڵبەندی ئەو حیزبە لە بەغدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئایات ئەدهەم، بەربژێری دەرچووی نێو هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان سەر بە محەممەد شیاع سوودانی، بەربژێری یەکێتی بوو لەو هاوپەیمانێتییەدا.
رابیحە حەمەد باسی لەوەشكرد: "بەربژێریی ئایات ئەدهەم هاوشێوەی بەربژێربووەکانی دیکەمان بوو لەنێو لیست و هاوپەیمانییەکان لە نەینەوا، سەڵاحەدین و دیالە".
لەبارەی هەمان بابەت ئایات ئەدهەم بە تۆڕی میدیای رووداوی گوت، دوای سوێندخواردن وەک پەرلەمانتار دەچێتە نێو فراکسیۆنی یەکێتیەوە و وەک ئەندامی ئەو فراکسیۆنە کارە پەرلەمانییەکانی دەکات.
ئایات ئەدهەم لە بازنەی بەغدا لەنێو هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سودانی بەربژێر بوو، هەڵبژاردنی رابردووش کە ساڵی 2021 ئەنجامدرا بەربژێربوو، بەڵام دەرنەچوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ