رووداو دیجیتاڵ
بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەشەپێدان (UNDP) راپۆرتی ساڵی 2025ی گەشەپێدانی مرۆیی بڵاوکردەوە، تێیدا عێراق بەراورد بە ساڵی رابردوو دوو پلە چووەتە پێشەوە و داهاتی تاکیشی زیادیکردووە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، عێراق لەنێو گرووپی وڵاتانی (گەشەپێدانی مامناوەند) پۆلێن کراوە و لە پلەی 126ی جیهان دێت، بەمەش بەراورد بە ساڵی رابردوو کە لە پلەی 128 بوو، دوو پلە چووەتە پێشەوە.
بەهای پێوەری گەشەپێدانی مرۆیی بۆ عێراق گەیشتووەتە 0.695، لە کاتێکدا لە ساڵی 2024ـدا 0.673 بووە.
گۆڕانکارییەکانی عێراق بەم شێوەیە:
- تەمەنی پێشبینیکراو: تەمەنی پێشبینیکراو لە عێراق بۆ 72.3 ساڵ بەرزبووەتەوە (ساڵی رابردوو 71.3 ساڵ بوو.)
- خوێندن: ساڵانی پێشبینیکراوی خوێندن بۆ 12.4 ساڵ زیادی کردووە، (واتە چاوەڕوان دەکرێ هاووڵاتییەکی عێراقی نزیکەی 12 ساڵ و نیو بخوێنێت).
- داهات: پشکی تاک لە داهاتی نیشتمانی بۆ 12,645 دۆلار بەرزبووەتەوە، لەکاتێکدا ساڵی رابردوو 9,900 دۆلار بووە.
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە پێوەرەکانی عێراق بەرزترن لە تێکڕای ئەو وڵاتانەی کە لە گرووپی "گەشەپێدانی مامناوەند"دان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ