رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکى دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق راگەیاند، بەگوێرەى دەستوور، دەبێت فەرمانبەران و خانەنشینانى هەرێمى کوردستان مووچەکانیان وەربگرن و، لە رووى بڕ و کاتى وەرگرتنى، هاوشێوەی سەرجەم عێراق بن و گوتیشى، "نابێت هیچ کێشەیەک لەنێوان حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵى ببێتە هۆکار بۆ دواکەوتن و پەککەوتنى مووچە."
جاسم عەمیرى، سەرۆکى دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق رایگەیاند، دادگەکە تاوتوێى پرسی مووچەى فەرمانبەران و خانەنشینانى هەرێمى کوردستان دەکات و ئەو پرسە بە "زۆر گرنگ" وەسف دەکات.
جاسم عەمیرى بە میدیاى فەرمیی عێراقى راگەیاندووە، دەستوور جەختى لەسەر یەکسانی لەنێوان عێراقییەکان کردووەتەوە و ئەو یەکسانییەش پێویستیى ئەوە دەهێنێتە ئاراوە کە دەبێت فەرمانبەران و خانەنشینانى هەرێمى کوردستان مووچەکانیان وەربگرن و، لە بڕ و کاتى وەرگرتنیشدا هاوشێوەی عێراق بن.
سەرۆکى دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق دەڵێت: "دەبێت چۆن مامەڵە لەگەڵ فەرمانبەرێک لە زاخۆ دەکرێت، هەمان مامەڵە لەگەڵ فەرمانبەرانى بەغدا و سەلاحەدین و میسان و دیالە و بەسرە بکرێت، لەبەرئەوەى مووچە ئەو بڕە پارەیەیە کە خەڵکى لە رێگەیەوە قووتیان دابین دەکەن و کەرامەتیان دەپارێزن، ناکرێت رێگە بە دواخستنى مووچە بدرێت."
ئەمڕۆ یەکشەممە، 14ى کانوونى دووەم ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بڕیاریدا 618 ملیار دینار وەک پارەى مووچە رەوانەى هەرێمى کوردستان بکرێت.
جاسم عەمیرى رایگەیاند، نابێت ئەو کێشانەى بەهۆى جێبەجێنەکردنى ئەوەى لەسەر شانى حکومەتى هەرێمى کوردستانە لە یاساى بودجەدا، ببێتە هۆکار بۆ ئەوەى دابەشکردنى مووچەى فەرمانبەران و خانەنشینانى هەرێمى کودستان پەکى بکەوێت، چونکە ئەوان بەشێکن لە گەلى عێراق و دەبێت حکومەتى فیدراڵى چارەسەرى ئەو کێشەیە بکات و ئەوە ئەرکێکى نیشتمانی و کۆمەڵایەتى و مرۆڤایەتییە."
13ى کانوونى دووەمى 2024، نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان سەردانى بەغدای کرد و زینجیرەیەک کۆوبونەوەى لەگەڵ سەرۆکایەتییەکان و بەرپرسانى حکومەتى فیدراڵى ئەنجامدا بۆ پرسی مووچە و شایستەى دارایی هەرێمى کوردستان، یەکێک لە کۆوبونەوەکانى لەگەڵ جاسم عەمیرى، سەرۆکى دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق بوو.
سەرۆکى دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق دەڵێت: "نابێت هیچ کێشەیەک لەنێوان حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵى ببێتە هۆکار بۆ بۆ دواکەوتن و پەککەوتنى مووچە و دەبێت هەردوولا بگەنە چارەسەرێکى ریشەیی".
لەو دیدارانەی دوێنێ و ئەمڕۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی هەرە باڵا لە عێراق کردوونی، وەک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، بابەتی زیاتری گەنگەشە کردووە؛ "یەکەمیان پرسی قووتی خەڵکی کوردستان بووە کە بە بۆچوونی ئێمە، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی بەرامبەر بەغدا جێبەجێ کردووە. ئێستاش پێویستە لە بابەتی مووچەدا چۆن هەڵسوکەوت لەگەڵ هەموو پارێزگەکانی عێراق دەکرێت، لەگەڵ هەرێمی کوردستانیش بەو شێوەیە بێت. ناکرێت بابەتی مووچە بکرێتە بابەتێکی سیاسی یان وەرەقەیەکی گوشار لەسەر هەرێمی کوردستان."
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەیەکدا بڕیاریدا بە ناردنی 618 ملیار دینار بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2024ـدا.
نێچیرڤان بارزانی لەمبارەیەوە گوتی، "بە دڵنیاییەوە جەنابی سەرۆکوەزیران تێگەیشتنێکی یەکجار باشی هەبووە بۆ ئەم پرسە (پرسی مووچە) و دڵنیام لەوەی هەموو هەوڵێکی خۆی دەدات بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە. هەروەکو دەزانن، ئەمڕۆ بڕیارێکی لە ئەنجوومەنی وەزیران داوە؛ بە سوپاسەوە بۆ جەنابی سەرۆکوەزیران کە ئەمە هەر لە ئەجێندای کۆبوونەوەکەدا نەبوو، بەڵام جەنابیان زۆر بە پەرۆشەوە پێداگری لەسەر ئەوە کرد کە دەبێ بخرێتە نێو ئەجێندای کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران و بە بۆچوونی ئێمە، ئەو بڕیارەی ئەمڕۆ سەرەتایەکی باشە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ