رووداو دیجیتاڵ
بافڵ تاڵەبانی لە بەغدایە و لەگەڵ هەریەکە لە نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح و قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیب هەل حەق کۆدەبێتەوە.
بڕیارە لە کۆبوونەوەکەدا چەند پرسێک تاوتوێ بکرێن، لەنێویاندا پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێ و پرسی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق. ئەوەش لە کاتێکدایە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تاوەکو ئێستا سوورە لەسەر بەربژێرکردنی د. بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق.
بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵیی عێراق
بۆ یەکەمجار لە مێژووی عێراقدا، دادگەی فیدراڵی شیاوبوونی یەکێک لە بەهێزترین بەربژێرانی سەرۆکایەتیی کۆماری رەتکردەوە. هۆشیار زێباری، تاکە بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان کە بەربژێربوونی رەتکرایەوە، ئەو بڕیارەی باڵاترین دادگەی عێراق بە سیاسی دەزانێت.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، ئەمڕۆ دووشەممە 14-02-2022 مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی سەرۆک بارزانی کۆدەبێتەوە و پرسی بڕیارەکەی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ رەتکردنەوەی هۆشیار زێباری، بەربژێری پارتی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق تاوتوێ دەکات؛ دوای کۆبوونەوەکەش پارتی بە فەرمی هەڵوێستی خۆی لەوبارەوە رادەگەیێنێت.
د. فەرهاد عەلائەددین، سەرۆکی ئەنجوومەنی راوێژکارانی عێراق دەڵێت، ئەگەر پارتی بەربژێری بۆ ئەو پۆستە نەبێت، ئەوا مانای وایە ئەو حیزبە گۆڕانکاری لە ستراتیژیەتی خۆی کردووە.
ھۆشیار زێباری دوای بڕیارەکەی دادگە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا قسەی کرد و گوتی، "بێگومان پێداچوونەوەیەکی پێویستە، ئێمە ھەڵسەنگاندن بۆ رەوشەکە دەکەین".
کاردانەوەکانی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵیی عێراق
پێچەوانەی بێدەنگیی رەوتی سەدر و هاوپەیمانیی سەروەری، کە هاوپەیمانانی سەرەکیی پارتی دیموکراتی کوردستانن، چوارچێوەی هاوئاهەنگی پێشوازی لە بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی کرد و رێککەوتنی پارتی و یەکێتی لەسەر بەربژێرێکی ناحیزبی، بە "باشترین چارەسەر" بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە دەزانێت.
عەقیل رودەینی، ئەندامی ھاوپەیمانیی نەسر، کە بەشێکە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی، ئاماژە بەوە دەکات کە "رەنگە بۆچوونەکان بەرەو رزگار محەممەد ئەمین بێت، وەکو بەربژێری ھاوبەش لەنێوان ھەردوولا، مەبەستم پارتی و یەکێتییە، ئێستا ئێمە بەرەو ئەوە دەچین کە سەرۆککۆمار بە رێککەوتن دابنرێت زۆر باشترە و نزیک بێت لە ھەردوو حیزب، نزیکیش بێت لە ھەموو فراکسیۆنە سیاسییەکانی دیکەش".
ناکۆکیی نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر بەربژێرێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆککۆمار و سکاڵای یەکێتی لە بەربژێرەکەی پارتی، دووبارە کردنەوەی دەرگەی ناونووسکردنی بەربژێرانی بۆ ئەو پۆستە لێکەوتەوە. ئێستا ناوی زیاتر لە 37 بەربژێر لەبەردەم لایەنەکانە، تاوەکو لەنێویاندا کەسێک بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار هەڵبژێرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ