رووداو دیجیتاڵ
پارێزگارى بانکى ناوەندیى عێراق بانگهێشتى لیژنەیەکى پەرلەمان دەکرێت بۆ لێکۆڵینەوە لەبارەى سزادانى ژمارەیەک بانک. ئەندامێکى لیژنەى ئابووریى پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت: "هێشتا بۆیان روون نەبووەتەوە بۆچی ئەو بانکانە سزادراون".
رۆژی 14ـى شوباتى 2024، سۆران عومەر، ئەندامى لیژنەى ئابوورى و پیشەسازی و بازرگانیى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە لەگەڵ نوێنەرى ئەو بانکانە کۆبوونەتەوە کە لەلایەن بانکى ناوەندیی عێراقەوە سزادراون و پێیان راگەیاندوون، کە نازانن هۆکارى سزادانیان چى بووە و بۆیان روون نییە.
سۆران عومەر گوتى: "لەسەر ئەو بنەمایە لیژنەیەک لەنێو لیژنەى ئابوورى و پیشەسازى و بازرگانى پێکهێندرا بۆ لێکۆڵینەوە لەو پرسە و بڕیارە بەم نزیکانە عەلى عەلاق، پارێزگارى بانکى ناوەندى بانگهێشتى لیژنەکە بکرێت بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو پرسە."
بەگوێرەى ئامارەکانى بانکى ناوەندیى عێراق، لە ساڵى 2016 تاوەکو 29ـى کانوونى دووەمى ئەم ساڵ، 31 بانک و زیاتر لە 300 کۆمپانیاى ئاڵوگۆڕى دراو لەلایەن بانکى ناوەندییەوە سزادراون.
ئەندامەکەى لیژنەى ئابوورى و پیشەسازى و بازرگانیى پەرلەمانى عێراق ئاشکرایکرد، بەگوێرەى ئەو زانیارییانەى کە لەو کۆمپانیا سزادراوانەوە وەریانگرتووە، لەدواى سزادانیان ماستەر کارت و ڤیزە کارتەکانیان لەکارکەوتوون و ناتواندرێت لە رێگەى ئەوە کارتە ئەلیکترۆنییانەوە لە ئامێرەکانى راکێشانى پارە (ئەى تى ئێم) پارەیان لێ رابکشێرێت.
پاساوى بانکى ناوەندى بۆ سزادانى بانکە ئەهلییەکان و بێ بەشکردنیان لە دۆلار و حەواڵەى دەرەکیی ئەو دراوە، بەقاچاخبردنى دۆلار و سپیکردنەوەی پارەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ