رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایدەگەیێنێت، تائێستا نزیکەی دوو هەزار خێزان لە کەمپی هۆل لە رۆژئاوای کوردستانەوە گەڕێندراونەتەوە پارێزگای نەینەوا.
عەلی عەباس، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق و بەرپرسی لقەکان لە وەزارەتەکە، رۆژی پێنجشەممە 14ـی ئاداری 2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تائێستا بە 14 کاروان لە کەمپی هۆل، نزیکەی دوو هەزار خێزانی عێراقی گەڕێنراونەتەوە، کە کۆی گشتییان دەگاتە نزیکەی هەشت هەزار کەس. پرۆسەی گەڕانەوەش بەردەوام دەبێت."
دوایین کاروان کە لە 159 خێزانی عێراقی پێکدەهات رۆژی شەممە 9ـی ئاداری 2024 لەو کەمپەوە گەڕێندرانەوە، کە لە 622 کەس پێکهاتبوون.
گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق گوتی، ئەو کەسانە ماوەیەک لە کەمپی جدعە دەبن بۆ ئەوەی ئامادە بکرێن تێکەڵ بە کۆمەڵگەکانیان بکرێنەوە و دواتر دەگەڕێندرێنەوە زێدی خۆیان.
کەمپی هۆل لە پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستانە و نزیکەی 55 هەزار کەسی تێدایە، کە زۆربەیان ژن و منداڵی چەکدارانی پێشووی داعشن.
زۆربەی ئەوانەی لەنێو ئەو کەمپەدان، خەڵکی عێراق و سووریان؛ ئەوانی دیکەش خەڵکی دەیان وڵاتی دیکەی جیهانن.
قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق رۆژی 2ـی ئاداری 2024 لە کۆڕبەندی ئەنتالیا لە پانێڵکدا بەناونیشانی "ئاڵنگاریی نوێ لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر"دا قسەی کرد و لەبارەی کەمپی هۆلەوە گوتی "20 هەزار عێراقیی خوار تەمەن 18 ساڵ لە کەمپی هۆلدان. ئەوانە بۆمبی چێندراون بۆ ئاییندە."
قاسم ئەعرەجی ئەوکاتە گوتیشی "تائێستا 1924 خێزانی کەمپی هۆلمان گەڕاندووەتەوە، کە لە 7556 کەس پێکهاتوون، 1230 کەسیان گەڕێندراونەتەوە زێدی خۆیان لە شوێنە جیاوازەکانی عێراق."
کەمپەکە لەژێر دەسەڵاتى هێزەکانى سووریاى دیموکرات (هەسەدە)ـدایە. بە گوتەی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، هەسەدە تەنیا کۆنترۆڵی دەوروبەری کەمپەکەیان بەدەستەوەیە و نێو کەمپەکە لەژێر دەسەڵاتی داعشدایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ