رووداو دیجیتاڵ
لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا، هەریەک لە وەزارەتەکانی دەرەوەی عێراق و تورکیا دەڵێن، لیژنەیەکی هەمیشەیی دروست دەکەن کە یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی بەرپەرچدانەوەی "تیرۆریزم" دەبێت.
لە راگەیێندراوەکەدا کە ئەمشەوی پێنجشەممە بڵاوکرایەوە، هاتووە، لیژنەکە کار دەکات لە بوارەکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، کشتوکاڵ، وزە، ئاو، تەندروستی و گواستنەوە لەنێوان هەردوو وڵاتدا.
رۆژی پێنجشەممە، 14-03-2024، هەریەک لە وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی تورکیا و سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی ئەو وڵاتە (MIT)، بۆ بەشداریکردن لە "لووتکەی ئاسایش" لە عێراق، سەردانی بەغدایان کرد.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوە هاوبەشەکەی نێوان وەزارەتەکانی دەرەوەی عێراق و تورکیادا ئاماژە بەوە کراوە، "تورکیا پێشوازی لە بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەکات کە پەکەکەی وەکو رێکخراوێکی قەدەخەکراو لە عێراق ناساندووە."
ئەوە لەکاتێکدایە لە کۆبوونەوە ئەمنییەکەی کانوونی یەکەمی 2023ـی نێوان عێراق و تورکیادا، عێراق پەکەکەی بە "مەترسی هاوبەش" لە قەڵەمدا و، ئەمجارەش وەک "رێکخراوی قەدەخەکراو" ناساندی.
هەر لەو راگەیێندراوە هاوبەشەدا هاتووە کە پارتى کرێکارانى کوردستان (پەکەکە) هەڕەشەیەى ئەمنییە بۆ عێراق و تورکیا و بوونیان لەسەر خاکى عێراق، "پێشێلکردنى دەستوورە."
هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەى ئەوە رێوشوێنانەوە کردووە کە پێویستە بگیرێنەبەر لە دژى پەکەکە و گرووپەکانى سەر بە پەکەکە کە قەدەخەکراون و "بە بەکارهێنانى خاکى عێراق، تورکیا بە ئامانج دەگرن."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەی ئاڵنگارییە جیدییەکانی ناوچەکە کردووە بەتایبەت شەڕی غەززە و هاوڕا بوون لە پشتیوانیکردنی فەلەستین. هەروەها بڕیاریان داوە کۆبوونەوەی بەردەوامیان هەبێت لە چوارچێوەی کاری هاوبەشدا.
هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەى ئەوە رێوشوێنانەوە کردووە کە پێویستە بگیرێنەبەر لە دژى پەکەکە و گرووپەکانى سەر بە پەکەکە کە قەدەخەکراون و "بە بەکارهێنانى خاکى عێراق، تورکیا بە ئامانج دەگرن."
رۆژی 19ـی کانوونی یەکەمی 2023، یەکەم لووتکەی کۆبوونەوەی ئاسایش و وزەی تورکیا-عێراق لە ئەنقەرە کرا.
شاندێکی باڵای حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران وەزیری دەرەوە و بە ئەندامێتی هەریەک لە سابت عەباسی، وەزیری بەرگریی عێراق؛ فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی؛ قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق؛ رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان و ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک فەرماندەی سەربازی و ئەمنیی عێراق بەشدار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ