رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری دەرەوەی سووریا کۆبوونەوە. محەممەد شیاع سوودانی جەختی لە پێویستیی بەردەوامبوونی سووریا لە پرۆسەیەکی سیاسیی گشتگیر کردەوە، کە فرەچەشنی و ئاشتیی کۆمەڵایەتی ئەو وڵاتە بپارێزێت.
ئەمڕۆ هەینی 14ی ئاداری 2025 ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا گەیشتە بەغدا و چەند کۆبوونەوەیەکی کرد.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی کۆبوونەوەی نێوان محەممەد شیاع سوودانی و ئەسعەد شەیبانی رایگەیاند، "جەخت لەسەر هەڵوێستی روون و نەگۆڕی عێراق لە رێزگرتن لە بژاردەکانی گەلی سووریا بە هەموو پێکهاتە و رەنگەکانییەوە کردەوە کە رەنگدانەوەی بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری سووریا دەبێت."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئاسایش و سەقامگیریی سووریا کاریگەری لەسەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە هەیە، لەم بارەیەوە "جەخت لەسەر گرنگی بەردەوامی پرس و راوێژی سیاسی و ئەمنی لەنێوان هەردوو وڵات کرایەوە."
سوودانی جەختی لەسەر پێویستی بەردەوامبوون لە پرۆسەیەکی سیاسیی گشتگیر بۆ پاراستنی فرەچەشنی و ئاشتیی کۆمەڵایەتی کردەوە، ئاماژەی بە "گرنگی رێزگرتن لە بیروباوەڕ، بەها و پیرۆزییەکانی هەموو چین و توێژەکانی گەلی سووریا، رەتکردنەوەی هەر جۆرە دەستدرێژی و پێشێلکارییەک بەرامبەر هەر پێکهاتەیەک کرد."
وەکو نووسینگەکەی دەڵێت، "سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لەسەر یەکپارچەیی خاکی سووریا و رەتکردنەوەی هەموو دەستوەردانەکان لە کاروباری نێوخۆیی سووریا کردەوە، بەتایبەت ئەوەی ئەمڕۆ روودەدات لە دەستبەسەرداگرتنی خاکی سووریا لەلایەن سوپای قەوارەی زایۆنیزمی داگیرکەرەوە."
سوودانی ئامادەیی عێراقی بۆ هاوکاریکردن و ئاوەدانکردنەوەی سووریا و پێشکێشکردنی هەموو ئاسانکارییە پێویستەکان لەو بارەیەوە کردەوە، جەختی لەسەر گرنگیی هاوئاهەنگییەکان بۆ "رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی تیرۆر بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری، پشتیوانییەکان بۆ ئاوەدانکردنەوەی سووریا و کارکردن لەسەر رووبەڕووبوونەوەی گوتاری تایفەگەری کردەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ