عێراق
ئاهەنگگێڕانی خەڵک لە دیمەشق بەبۆنەی هەڵگرتنی سزاکانی سەر وڵاتەکەیان لەلایەن ئەمریکاوە. وێنە: AFP
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی عێراق، پێشوازیی گەرمی وڵاتەکەی بۆ بڕیاری هەڵگرتنی سزاکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەسەر سووریا راگەیاند.
درەنگی شەوی رابردوو وەزارەتی دەرەوەی عێراق راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "کۆماری عێراق پێشوازی لە راگەیاندنی نیازپاکیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکات، سەبارەت بە هەڵگرتنی سزاکانی سەر کۆماری عەرەبیی سووریای برا."
وەزارەتەکە هیوای خواستووە "ئەم بڕیارە ببێتە هۆی پشتیوانیکردنی رەوتی سەقامگیری، کە گەلی سووریا خوازیاریەتی و کۆتاییهێنان بە ئازارە درێژخایەنەکانی بەهۆی قەیرانی مرۆیی و ئابوورییەوە."
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ستایشی هەوڵە دیپلۆماسییە چڕەکانی شانشینی عەرەبیی سعودیەی کردووە، لە پشتیوانیکردنی گەلی سووریا و گەیشتن بەم دەستپێشخەرییە. جەختیش لەسەر گرنگیی هاوسۆزیی وڵاتانی کۆمکاری عەرەبی لەم قۆناخە هەستیارەدا و پەرۆشیی خۆی بۆ پتەوکردنی هاوکاریی نێوان وڵاتان دەکاتەوە، بە جۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بکات.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق هیوای خواستووە "ئەم هەنگاوە سەرەتایەک بێت بۆ قۆناخێکی نوێی هاوکاریی نێودەوڵەتی بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی سووریا، لە رێگەی پشتیوانیکردنی چارەسەری ئاشتییانە کە یەکپارچەیی و سەروەریی سووریا دەپارێزن، مافی هەموو پێکهاتەکانی گەلی سووریا مسۆگەر دەکەن." هەروەها داوادەکات "رووبەڕووی تیرۆر بە هەموو شێوەکانییەوە ببنەوە و رێگە بە پەرەسەندنی نەدرێت."
ئێوارەی سێشەممە 13-05-2025 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە گوتەیەکدا لە سعودیە لەبارەی سیاسەتی ئیدارەکەی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست قسەی کرد، بەشێکی گوتارەکەی تایبەت کرد بە دۆخی سووریا.
ترەمپ گوتی، "دوای تاوتوێکردنی دۆخی سووریا لەگەڵ شازادەی جێنشین، شازادەی جێنشینی ئێوە (محەممەد بن سەلمان)، هەروەها لەگەڵ سەرۆک ئەردۆغانی تورکیا، کە ئەو رۆژە تەلەفۆنی بۆ کردم و داوای هەمان شتی کرد، هەروەها چەندین کەس و دۆستی دیکەم لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، فەرمان دەکەم بە کۆتاییهێنان بە سزاکانی سەر سووریا بۆ ئەوەی دەرفەتێکیان بدەمێ."
راگەیاندنەکە لە کاتێكدایە، هەر دوێنێ بەرپرسێکی کۆشکی سپی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، "سەرۆک ترەمپ رازی بووە لە سعودیە سڵاوێک لە سەرۆکی سووریا بکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ