بەسرە بە دەنگدان بەپارێزگاکردنى قەزایەکى رەتکردەوە

14-05-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنى پارێزگاى بەسرە بە زۆرینەى دەنگ داواکاریی بەپارێزگاکردنى قەزاى زوبێری رەتکردەوە. پارێزگارى بەسرە نووسراوێکى ئاڕاستەى سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد و دەڵێت: "ئەگەر زوبێر جیاببێتەوە، پێکهاتەى بەسرە تێکدەچێت". 
 
رۆژی چوارشەممە، 14ى ئایارى 2025، ئەنجوومەنى پارێزگاى بەسرە بە زۆرینەى دەنگ رەتی کردەوە قەزاى زوبێرى پارێزگاکە بکرێتە پارێزگایەکى نوێ. 
 
عيماد متۆرى، سەرۆکى لیژنەى خزمەتگوزارییەکان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى بەسرە بە تۆڕى میديایی رووداوى راگەیاند: "دەنگدان بە رەتکردنەوەى ئەو داواكارییە بە ئامادەبوونى ئەسعەد عیدانی، پارێزگار بوو. سەرجەم ئەندامانى ئەنجوومەن، جگە لە یەک ئەندام کە بەشدار نەبوو، دژى پارێزگاکردنى زوبێر دەنگیاندا".
 
عیماد متۆرى گوتى: "ئەو دەنگدانە لەسەر بنەماى داواکارییەک بوو کە لە رێگەى نووسینگەى سەرۆکوەزیرانەوە نێردرابوو و تێیدا داواى لە ئەنجوومەنى پارێزگاى بەسرە کردبوو بۆچوونى خۆیان لەبارەى بەپارێزگاکردنى زوبێر لە رووى کارگێڕی و خزمەتگوزارییەوە بخەنەڕوو".
 
لە 16ـى نیسانى ئەم ساڵ مەحموود مەشهەدانى، سەرۆکى پەرلەمانی عێراق داواکارییەکى رەفیق ساڵح، ئەندامى پەرلەمان لە پشکى بەسرە ئاڕاستەى سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد کە 100 واژۆى بۆ کۆکردبووەوە، تاوەکو قەزاى زوبێر بکرێتە پارێزگایەکى نوێ. رەفیق ساڵح ئەندامى فراکسیۆنى سادیقونە کە باڵى سياسى عەسائیبى ئەهلى حەقە.
 
سەرۆکى لیژنەى خزمەتگوزارییەکان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى بەسرە ئاماژەى بەوەدا کە زوبێر بنەماى شارستانیى پارێزگاى بەسرەیە و جیاکردنەوەى دەبێتە هۆى جیابوونەوەی قەزاى دیکەش.
 
لەسەر بنەماى ئەو بڕیارەى ئەنجوومەنى پارێزگاى بەسرە، ئەسعەد عیدانى، پارێزگارى بەسرە نووسراوێکى ئاراستەى نووسینگەى محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد وەک وەڵامدانەوەى ئەو نووسراوەى لە 12ـى ئادارى 2025 لەبارەى داواکاریى بەپارێزگاکردنى قەزاى زوبێر ئاراستەى کردبوو. 
 
پارێزگارى بەسرە چەند هۆکارێکی بۆ رەتکردنەوەى بەپارێزگاکردنى قەزاکە خستووەتەڕوو، لەوانەش دروستکردنی کاریگەرى نەرێنى لەسەر پێکهاتەى کۆمەڵایەتیى بەسرە، دروستکردنی کاریگەری نەرێنی لەسەر سنوورە کارگێڕییەکەى؛ هەروەها ئەو رێکارە وا دەکات ناوچەى دیکە لە بەسرە و پارێزگاى دیکەى عێراق هەمان داواکارى بکەن.  
 
ساڵى 1964 زوبێر قەزایە رووبەرەکەى 11 هەزار و 618 کیلۆمەترە و دەکەوێتە باشوورى پارێزگاى بەسرە، کێڵگەى نەوتى زوبێرى تێدایە کە رۆژانە زیاتر لە 220 هەزار بەرمیل بەرهەم دەهێنێت.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

عێراق بەدەست کەمترین ئاستی ئاوەوە دەناڵێنێت لە 80 ساڵی رابردوودا

داهاتی ئاو لە بابل 75% کەمبووەتەوە؛ "جووتیاران کۆچ دەکەن"

پارێزگای بابل لە باشووری بەغدا رووبەڕووی قەیرانێکی سەختی کەمئاوی بووەتەوە، بە جۆرێک داهاتی ئاو لە رووباری فوراتەوە بە رێژەی 75% دابەزیوە. ئەم دۆخە وای کردووە بەشێکی زۆری جووتیاران ناوچەکانیان جێبهێڵن